ئۆپەراسیۆنی رەفەح دەستپێدەكات و ئیسرائیل داوای چۆڵكردنی شارەكە دەكات

جیهان

06/05/2024‌ 375 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ئیسرایل ڕۆژی دووشەممە بە فەلەستینییەكانی ڕاگەیاند كە بەشێك لە ڕەفەح چۆڵ بكەن، ئەمەش ئامادەكارییەكە بۆ هێرشكردنە سەر حەماس لە باشووری كەرتی غەززە كە زیاتر لە ملیۆنێك ئاوارەبوو پەنایان بۆ بردووە.

شایەتحاڵان دەڵێن، بە ڕێنمایی نامەی كورت و پەیوەندی تەلەفۆنی و بەزمانی عەرەبی  هاووڵاتیانی رەفەح ئاگاداركراون تا بچن بۆ ئەو شوێنەی سوپای ئیسرائیل ناوی لێناوە "ناوچەیەكی مرۆیی فراوانكراو" كە 20 كیلۆمەتر  لە شارۆچكەكەوە دوورە، بۆیە هەندێك لە خێزانە فەلەستینییەكان لە ژێر بارانێكی ساردی بەهاردا خەریكی خۆ كۆكردنەوە بوون.

بەرپرسێكی باڵای حەماس، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، فەرمانی چۆڵكردنی  رەفەح هەڵكشانێكی مەترسیدارە و لێكەوتەی دەبێت.

سامی ئەبو زوهری، بە ئاماژەدان بە هاوپەیمانی ئیسرائیل لەگەڵ واشنتۆن، گوتی "ئیدارەی ئەمریكا، شانبەشانی ئیسرائیل، بەرپرسیارێتی ئەم تیرۆرە لە ئەستۆ دەگرێت".

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لە ئۆپەراسیۆنێكی مەودای سنوورداردا دەستیان كردووە بە هاندانی دانیشتوانی شاری ڕەفەح بۆ چۆڵكردنی شوێنەكانیان.

یەكێك لە ئاوارەكانی شاری ڕەفەح بەناوی ئەبو ڕەعد لە ڕێگەی ڕۆیتەرزەوە گوتی: "بارانێكی زۆر باریوە و نازانین بۆ كوێ بچین، نیگەران بووم لەوەی ئەم ڕۆژە بێت".