بڕیارێكى حكومه‌تى هه‌رێم له‌باره‌ى به‌غداوه‌ ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

20/05/2024‌ 2931 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حکومەتی هەرێم ئاشكرایده‌كات، سه‌رجه‌م داهاتە نانەوتییەکان ڕاده‌ستى به‌غدا دەکات، سه‌رۆكى نوێنەرایه‌تى هه‌ولێریش له‌به‌غدا دەڵێت:"بەغدا قوڵایی ستراتیژیی هەرێمی کوردستانە".

فارس عیسا سه‌رۆكى نوێنەرایه‌تى حکومەتی هەرێم لەبەغدا بەڕۆژنامەی سەباحی فه‌رمى عێراقى وتوه‌، "ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریداوە داهاتە نانەوتییەکان ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات‌و ئەوەش یەکەم هەنگاوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەردولا".

جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، حکومەتی هەرێم سەرجەم داتاو لیستەکانی ڕادەستی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی کردوە.

له‌باره‌ى بە بەبانکیکردنی موچەی فەرمانبەرانی هه‌رێمیش فارس عیسا جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "تیمێکی بانکی تی بی ئای لەهەرێمی کوردستانە بۆ هاوئاهەنگی‌و دەستپێکردنی بەبانکیکردنی موچە کە هەرێمی کوردستان بەر لەبڕیارەکەی دادگای فیدراڵیش بەهاوئاهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندیدا دەستیپێکردوە".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جدییە لەوەی کێشەکان لەبەغدا چارەسەربکرێن نەک لەشوێنی دیکە، ئەو سەردانەش کە ساڵی 2019 لەدەستپێکی دەستبەکاربونی بۆ بەغدا ئەنجامیدا پەیامی ئەوەی تێدابوو کە بەغدا قوڵایی ستراتیژیی هەرێمی کوردستانە".

به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ى حكومه‌ت له‌به‌غدا سوپاسى بەدواداچونەکانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کردوه‌ بۆ بابەتەکان‌و پەیوەندیی نیمچەڕۆژانەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.