ڕۆژنامەیەکی سعودی: له‌ماوه‌یه‌كى نزیكدا هێرشده‌كرێته‌سه‌ر ملیشیا شیعه‌كانى عێراق

عیراق

12/06/2024‌ 4660 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ی سعودی چاپی ئینگلیزی لەڕاپۆرتێکدا بەناونیشانی "گورزوەشاندن لەگروپەکانی سەر بەئێران لەعێراق نزیکە" بڵاوکردۆتەوەو تێیدا لەزاری سەرچاوە حکومیی‌و سیاسییەکانەوە  ئاشکرایکردوە، لەدوای زیادبونی هێرشەکان بۆسەر ئیسرائیل لەهەفتەی ڕابردودا ئەگەری هەیە هێرشبکرێتەسەر پێگەکانی ئەو میلیشیایانەی سەر بەئێران لەعێراق.


سەرچاوە عێراقییەکان کە قسەیان لەگەڵ شەرقولئەوسەت کردوە ئاماژەیان بەوەکردوە، هێرشە گریمانکراوەکان‌و نزیک‌و نیمچە دڵنیایەو گروپە چەکدارییە شیعییە عێراقییەکان دەکاتە ئامانج، بەڵام ئەو سەرچاوانە ئامادەنەبون دیاریبکەن کە کێ ئەو هێرشانە ئەنجامدەدات، هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل دوپاتیانکردوەتەوە کە سوپای ئیسرائیل بەنیازە هێرشی بەرفراوان بکاتەسەر ئەو گروپە چەکدارییە شیعییە عێراقیانەی کە ئێران پشتیوانیان لێدەکات.

ڕۆژنامە سعودییەکە ئاشکرایکردوە، ئەو هەڕەشەیە دوای زیادبونی هێرشی موشەکی گروپە شیعییە عێراقییەکان بۆسەر ئیسرائیل دێت لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردودا، کە بەگوێره‌ى ڕاپۆرتە ئیسرائیلییەکان ئەمەش ترسی لای واشنتۆن‌و بەشێک لەهاوپەیمانەکان سەبارەت بەتۆڵەکردنەوەی گریمانکراوی ئیسرائیل‌و زیادبونی گرژیی لەناوچەکە دروستکردوە.

سەرکردەیەکی سەر بەهاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندوە، ئەگەری یاخیبونی گروپە چەکدارییە شیعییەکان بەهۆی ناکۆکیان لەسەر دەسەڵات‌و هەژمون لەنێوان هێزە شیعییەکان هەیە، پەیامەکەش ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران‌و ئێرانەو ئەو یاخیبونەش ئامانج لێی هاوسەنگی هێزە شیعییەکانە.

بەڵام دوو سەرچاوەی عێراقی پەرەسەندنی ئەمدواییەی گرژییەکان لەلایەن میلیشیا عێراقییەکانیان بەستوه‌تەوە بەزیادبونی چالاکییەکانی حوسییەکان لەیەمەن دژی ئیسرائیل، هەروەک پلانی جۆ بایدن بۆ وەستاندنی شەڕی غەززە.

ئاماژەیان بەوەکردوە، ئێران بەئەگەری زۆرەوە دەیەوێت ئاستەنگ بۆ پلانی ئاشتیی بایدن دروستبکات بۆئەوەی ڕێگە لەبڕینی شادەماری ژیانی هێزەکانی بەناو مقاوەمە بگرێت‌و ئاستەنگ بۆ فۆڕمۆلەی سیاسیی نوێ لەناوچەکەدا دروستبکات.