شارپرێس:
توێژینەوەیەکی ئاماری ئاشکرایکردوە، ژمارەی ئەوکەسانەی کە نەخۆشیی شەکرەی جۆری یەکەمیان هەیەو تەمەنیان 65 ساڵ یان زیاترە لەیەک ملیۆنو 300 هەزار کەسەوە لەساڵی 1990 بۆ 3.7 ملیۆن کەس لەساڵی 2019دا زیادیکردوە، لەکاتێکدا ژمارەی گیانلەدەستدان لەنێو ئەم گروپەدا بەڕێژەی 25% کەمیکردوە لە 4.7 بۆ هەر 100 هەزار کەس لەساڵی 1990 بۆ 3.5 بۆ هەر 100 هەزار کەس لەساڵی 2019 کەمیکردوە.
بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوەیە کە ڕۆژنامەی (میدیکاڵ جۆرناڵ)ی بەریتانی بڵاویکردوەتەوە، لەم ئەنجامانەدا ڕونە کە توشبوانی جۆری یەکەمی شەکرە ئێستا تەمەنیان درێژترە بەبەراورد بەڕابردوو، بەڵام کەمبونەوەی ڕێژەی مردن لەوڵاتانی خاوەن داهات بەرز، 13 هێندە زیاتر بوە بەبەراورد بەو وڵاتانەی داهاتیان مامناوەند یان نزمە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامی نایەکسانیی لەپێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی چاودێریی تەندروستیی بۆ نەخۆشانی شەکرە لەنێوان وڵاتانی دەوڵەمەندو هەژاری جیهان.
زانراوە کە نەخۆشی شەکرە بەیەکێک لەو نەخۆشیانە دادەنرێت کە تەمەنی نەخۆشەکان کەمدەکاتەوە، بەڵام توێژینەوەکانی ئەمدواییە دەریخستوە کە ژمارەی بەساڵاچوانی توشبوو بەم نەخۆشییە بەرزبوەتەوە، ئەمەش بەهۆی باشترکردنی شێوازەکانی چارەسەرکردنو چاودێریکردنە.
داتای توێژینەوەیەک بەناوی "بارگرانی جیهانیی نەخۆشییو هۆکارەکانی مەترسیی 2019" ئەنجامدراوەو لەماوەی نێوان ساڵانی 1990 بۆ 2019دا کەسانی تەمەن 65 ساڵ یان زیاتر لە204 وڵاتی جیهان لەخۆگرتوە.
توێژینەوەکە لەماڵپەڕی“ مێدیکاڵ ئێکسپرێسدا بڵاوکراوەتەوە کە پسپۆڕە لەتوێژینەوە پزیشکییەکان، داوای گرنگیدان بەستراتیژییەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی بەساڵاچوو کە توشی نەخۆشیی شەکرە بون دەکات، لەوانەش ئاراستەکردنی سەرچاوە داراییە پێویستەکان بۆ چاودێریی تەندروستیی بۆ ئەم گروپە تەمەنییە.
و: ئاکۆ ئاڵی