به‌هۆى گه‌رماوه‌ ده‌وام ڕاده‌گیرێت

عیراق

10/07/2024‌ 5055 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

له‌دوو پارێزگاى عێراق‌و به‌هۆى گه‌رماوه‌، ڕۆژێك ده‌وام ڕاده‌گیرێت، به‌گوێره‌ى ده‌سته‌ى كه‌شناسى عێراق‌و عه‌ره‌بیش هۆشداریى دراوه‌ له‌و شه‌پۆله‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌ كه‌ پله‌كانى گه‌رما ده‌گاته‌ سه‌رو 50 پله‌ى سه‌دى.


 عامر جابری وتەبێژی دەستەی کەشناسی‌و بومەلەرزەزانیی عێراق ئاشكرایكردوه‌، "لەئێوارەی ڕۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیەوە بەهۆی نزمە پاڵەپەستۆیەکەوە شەپۆلێکی گەرما عێراق دەگرێتەوە، لەبەشێکی پارێزگاکانی عێراق پلەی گەرما بۆ سەروو 50 پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە".

 وتوشیه‌تى:"ئەمە دوەم شەپۆلی گەرمایە لەمساڵدا، چاوەڕواندەکرێت چەند ڕۆژێک بخایه‌نێت، بۆیە ئێمە هۆشداریی دەدەینە هاوڵاتییان کە خۆیان لەبەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر بپارێزن‌و ئەگەر ناچارنەبن، ئەو ڕۆژانە لەکاتەکانی تینی گەرما نەچنە دەرەوە".

وه‌كو کەشناسیی عێراق ئاشكرایكردوه‌، ڕۆژی پێنجشەممە 11ی تەمموز، پلەی گەرما لەپارێزگاکانی (بابل، واست، نەجەف، دیوانییە، میسان، ناسریە، موسەنناو بەسرە) 50 پلەی سیلیزی ده‌بێت".

سه‌باره‌ت به‌هه‌رێمیش جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "لەهەرێمی کوردستان پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە، بەڵام کەمتر لەتۆمارکراوەکانی پارێزگاکانی باشورو ناوەڕاستی عێراق، پلەی گەرما لەهەرێم لەنێوان یەک بۆ سێ پلە بەرزدەبێتەوە، بەڵام ناگاتە 50 پلە".

پلەی گەرما لەپارێزگاکانی (کەربەلا، بەغداو دیالە) 49 پلەی سیلیزی‌و لەسەڵاحەدین‌و ئەنباریش 48 پلەی سیلیزی دەبێت، پارێزگاکانی هەرێمیش لەو ڕۆژەدا پلەکانیان بەمشێوەیە دەبێت؛ (دهۆک، سلێمانی‌و هەڵەبجە 41 پلەی سیلیزی‌و هەولێریش 45 پلە)، لەکەرکوکیش کە لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمه‌، ڕۆژی پێنجشەممە پلەی گەرمی دەگاتە 44 پلەی سیلیزی.
 
له‌كۆتاییدا پێشبینى ئه‌وه‌شیكردوه‌، "ڕۆژی هەینیش بەسرە بەرزترین پلەی گەرما لەسەر ئاستی عێراق تۆماردەکات‌و 51 پلە دەبێت، پارێزگاکانی میسان، ناسرییەو موسەننا، پلەی گەرما دەگاتە 50 پلەی سیلیزی، جگە لەوانەش حەوت پارێزگا پلەکانی گەرما تێیاندا 49و 48 پلەی سیلیزی دەبێت".

دواى ڕاگه‌یاندنى ئه‌و زانیاریانه‌ش له‌ده‌سته‌ى كه‌شناسى عێراقه‌وه‌، هەریەکە لەپارێزگای دیوانیەو بەسره‌ بڕیاریاندا سبه‌ینێ پێنجشەممه‌ ده‌وام ڕابگرن‌و هه‌ینیش هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا پشوى فه‌رمیه‌.

ئه‌و دوو پارێزگایه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌، هۆکاری پشوەکە بۆ ئەوەیە پێشبینیکراوە ڕۆژی پێنجشەممه‌ پلەکانی گەرما بگاتە سەروی 50 پلە، بۆیە دەوام بەتەواوەتی ڕادەگیرێت، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیشه‌وه‌ دەسەڵاتی تەواوەتی بەپارێزگارەکان دراوە کە لەکاتی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما دەوام ڕابگرن، پێشبینیشدەکرێت لەچەند پارێزگایەکی دیكه‌ش ده‌وام ڕابگیرێت.