شارپرێس:
پسپۆڕێكى کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باس لهوهدهكات، بڕیاری ئەنكەرە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق بەهەماهەنگیی لەگەڵ ئەمریکا دراوە، دهشڵێت:"هەموو وڵاتانی ناوچەکەو وڵاتانی ڕۆژئاواش ئارەزوی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشقو ئەنكەرە دەکەن".
ئەندرێ ئۆنتیکۆڤ پسپۆڕی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشكرایكردوه، نیشانەکانی نزیکبونەوەی سوریاو تورکیا لەئەنجامی پاڵپشتی ڕوسیاو چینو ئێرانو هەروەک هاندانی وڵاتانی کاریگەری وڵاتانی عەرەبی وەک سعودیەو ئیماراتو عێراقیش بوە.
ئەو پسپۆڕە ڕوسیە بەپێگەی نۆرس پرێسی نزیک لەئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستانی ڕاگەیاندوە، تورکیا قەناعەتی بەوەکردوە کە چارەسەرکردنی مەلەفی سوریا چیتر ناکرێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکارییە جیۆستراتیژیانەی کە لەمدواییانەدا لەناوچەکەدا ڕویانداوە، دیارترینیان کرانەوەی عەرەبییو کەنداو بەڕوی دیمەشقو داڕمانی گەڕەکانی فۆرمولەی ژنێڤ، سوچیو ئاستانە لەژێر ڕۆشنایی شکستهێنانی ئەنکەرە لەسەپاندنی ئیرادەی خۆی لەباکوری سوریا.
ئۆنتیکۆڤ درێژەی پێدەداتو دەڵێت، "سەرکەوتنی پرۆسەی ئاساییکردنەوە، ئەگەر دەستپێبکات، مەرجدار دەبێت بەپابەندبونی ئەنكەرە بەسازشی گەورە بۆ دیمەشق، لەوانە ڕێزگرتن لەیەکپارچەیی خاکی سوریاو دەستوەردان نەکردن لەکاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتە".
لهلایهكى دیكهشهوه دیمیتری کیم شرۆڤەکاری کاروباری نێودەوڵەتی ئاماژه بهوهدهكات، تورکیا لەلێواری وازهێنانە لەپەیوەندییەکانی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی چەکداریی سوریا، کە ساڵانێکی زۆرە پاڵپشتیان دەکات، ئەمەش مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنێکی تەوافوقی لەگەڵ دیمەشقو گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵیدا بۆ ئاستی پێشوو.
کیم پێشبینیدەکات، بەغدا ئەو پایتەختە بێت کە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشقو ئەنكەرە لێیەوە ڕابگەیەندرێت، چونکە لەلای هەمولایەنەکان وەک شوێنێک بۆ ئەم ڕوداوە قبوڵکراوترینە، نەک هیچ پایتەختێکی دیکە کە ئەم ڕوداوە بتوانێت لەبەرژەوەندی ئەودا تۆماربکرێت ئەگەر ڕویدا، لەوانەش مۆسکۆ، تاران، یان پەکین.
ئەو پسپۆڕە ڕوسییە دەشڵێت، "نزیکبونەوەیەکی لەو شێوەیە بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی تورکیاش لەبەرچاو دەگرێت، بەوپێیەی سوریا هەمیشە ڕێڕەوێکی نیمچە حەتمی بوە بۆ تێپەڕاندنی کاڵای تورکی کە بۆ دەوڵەتانی کەنداوو شوێنانی دیکە".
