سەرکردەیەکی سیاسی عەرەبی سوننە لە کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک لەسەر پۆستی پارێزگار ئەنجام نەدراوە، بەڵام لێکتێگەیشتن هەیەو پێدەچێت پۆستی پارێزگار بۆ یەکێتی و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ عەرەبی سوننە بێت.
ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی سیاسی عەرەبی سوننە لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لە دانیشتنی سبەینێ پێنجشەممەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بڕیار لەسەر هیچ پۆستێک نادرێت و هێشتا ڕێککەوتن ئەنجام نەدراوە، بەڵەم لێکتێگەیشتن هەیە لە نێوان کورد و عەرەب."
ڕۆژی 18 ی 12 ی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامدرا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیکەی حەوت مانگ بەسەر هەڵبژارندا، هێشتا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبوونەوەی ئەنجام نەداوە.