نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیوەندی بە مەسعود پزیشكیان سەرۆكی كۆماری هەڵبژێردراوی ئێرانەوە کردو پیۆزبایی ئاڕاستە کرد.
سەرۆكایەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2024/7/10 ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە مەسعوود پزیشكیان كرد بەبۆنەی هەڵبژاردنییەوە بە سەرۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران و هیوای سەركەوتنی لە ئەرك و بەپرسیاریەتییەكەیاندا بۆ خواست.
هەروەها نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی و خواستی هەرێمی كوردستان و گەلەكەی دووپاتكردەوە بۆ برەودان بە پەیوەندیی دۆستانەی لەمێژینە و هاریكاریی هاوبەش لە هەموو بوارەكاندا لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای ڕێز و بەرژەوەندیی هاوبەش و دراوسێیەتی باش كە ببێتە هۆكاری بەرەوپێشچونی هەردوو گەل و وڵات.
نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی دەربڕی لەوەی كە سەركردایەتی سەرۆك پزیشكیان دەبێتە هۆی قووڵكردنەوەی دۆستایەتیی هەردوولا و وەك لە دوا دیداردا لەگەڵ جەنابی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی و بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، پەرۆشیی هەرێمی كوردستانی نیشان دا بۆ هاریكاریی هاوبەش لەپێناو داهاتوویەكی باشتر بۆ هەردوو وڵات، هەروەها بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا.
مەسعود پزیشكیان، سەرۆكی هەڵبژێردراوی كۆماری ئیسلامیی ئێران، وێڕای خۆشحاڵی، سوپاس و پێزانینی بۆ پەیوەندی و پیرۆزباییی نێچیرڤان بارزانی دەربڕی و جەختی لە خواستی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ برەودان بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستاندا كردەوە، هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندیی دۆستانە و دێرینی گەلانی ئێران و كۆماری ئیسلامی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا كرد.
