ته‌یف سامى له‌سه‌ر موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم زانیاریى ئاشكراده‌كات

کوردستان

01/08/2024‌ 12339 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

په‌رله‌مانتارێكى كورد له‌به‌غدا ناوه‌ڕۆكى نوسراوێكى خۆى بۆ وه‌زیرى دارایی عێراق‌و وه‌ڵامى وه‌زیره‌كه‌ ئاشكراده‌كات تایبه‌ت به‌پرسى ته‌وتینى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم، ده‌شڵێت:"تا ئەمڕۆ حکومەتی هەرێم ئامادەنییە لیستەکان بدات بۆ ته‌وتین‌و دەستی بەفشارکردوە لەسەر فەرمانبەران تاوه‌کو هەژماری من لەبانکی ئەهلی پڕبکەنەوە".


سۆران عومه‌ر ئاشكرایكردوه‌، "بۆ بەدواداچونی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی تایبەت بەته‌وتینى موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەنوسراوی ژمارە (780/د له‌ 3ى 6ى 2024) داوام لەوەزیری دارایی عێراق کرد چییان کردوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی تایبەت بەته‌وتینى موچە لەبانکە فیدراڵیەکان.

وه‌كو په‌رله‌مانتاره‌كه‌ ده‌ڵێت:"وەزیری دارایی عێراق بەنوسراوی ژمارە (5779 له‌ 23ى 7ى 2024) ئاماژە بەوەدەکات لە7ى 4ى 2024 بەنوسراوی ژمارە (9429) داوای زانیاریی فەرمانبەرانی هەرێمیان کردوە بۆ ته‌وتینی موچەکانیان لەبانکی ڕەشیدو ڕافیدەین‌و TBIو چاوەڕوانی وەڵامی حکومەتی هەرێمن".

جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "تا ئەمڕۆ حکومەتی هەرێم ئامادەنیە لیستەکان بدات بۆ ته‌وتین‌و دەستی بەفشارکردوە لەسەر فەرمانبەران تاوه‌کو هەژماری من لەبانکی ئەهلی پڕبکەنەوە، دوای ئەم وەڵامەی وەزیری دارایی فیدراڵ، ئاشکرایە حکومەتی هەرێم پاش 112 ڕۆژ لەداواکردنی زانیاری موچەخۆران، ئامادەنییە ته‌وتین بکات بەهۆی ئەوەی دەیەوێت جڵەوی پارەی موچە لای خۆی بێت‌و خەریکی فشاری نایاساییە لەسەر موچەخۆران بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژماری من".

هۆشداریشده‌دات‌و ده‌ڵێت:"لەدوای ئەم بێوەڵامییەی حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر ته‌وتین، هەنگاوی دیكه‌ دەگرینەبەر".