خۆپاراستن لە نەخۆشیی شەکرە مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکى تر کەمدەکاتەوە

تەندروستی

05/08/2024‌ 591 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

توێژەرانی چینی توێژینەوەیەکیان لەسەر ئەو کەسانە ئەنجامداوە کە پێش نەخۆشیی شەکرە یان سەرەتای شەکرەیان دەستنیشانکراوە، دەرکەوتووە پەیڕەوکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزیی بۆ دواخستنی گەشەکردنی ئەو حاڵەتە بۆ ماوەی 4 یان 6 ساڵ سوودێکی بەرچاوی بۆ تەندرووستیی دڵ هەیە.

تیمی لێکۆڵینەوەکە لە نەخۆشخانەی فوای و ئەکادیمیای زانستە پزیشکییەکانی چین بەدواداچوونیان بۆ داتاکانی 540 بەشداربوو کرد کە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەمیان هەبوو بۆ ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ، هەروەک دوای 2 و 4 و 6 ساڵ پشکنینی گشتگیریان ئەنجامدا.

دەرەنجامەکان دەریانخستووە ئەو کەسانەی کە بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی 4 ساڵ بێ شەکرە ماونەتەوە ئەگەری مردنیان بە ڕێژەی 26% کەمترە بە هەر هۆکارێک، هەروەک ئەگەری تووشبوونیان بە کێشەی خوێنبەرەکان بە ڕێژەی 40% کەمترە. ئەوانەی کە بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی 6 ساڵ بێ شەکرە ماونەتەوە دوای ئەوەی تووشی نەخۆشیی پێش شەکرە بوون، ڕێژەی مردن بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بە ڕێژەی 44% کەمیکردووە.

ئەنجامەکان ئەوە دەردەخەن کە دواخستنی نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەم بۆ چەند ساڵێک دەتوانێت ئەگەری تووشبوون بە کێشەی تەندرووستیی درێژخایەن کەم بکاتەوە. توێژەران ئەو کاریگەرییە پارێزەرەیان ڕوونکردۆتەوە کە بەهۆی کەمتر لەناوچوونی خانەکانی بێتا پەنکریاس و کەمبوونەوەی ئاستی بەرگریی ئەنسۆلین لە ماسولکە و چەورییدا دەگەڕێتەوە.