شارپرێس:
ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچی سەر بەنەتەوەیەکگرتوەکان داوای لەوڵاتانی جیهان کردوە هاوکارییەکانیان زیاتربکەن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەورەترین قەیرانی ئاوارەبون لەسودان لەجیهاندا، بەشێوەیەک هۆشداریداوە لەوەی، کەمتەرخەمییکردن لەو ڕوەوە رەنگە لەدەستدانی ژیانی دەیان هەزار کەسی لێبکەوێتەوە.
محەممەد ڕەفعەت کە سەرکردایەتیی ئەرکی ڕێکخراوەکە دەکات لەسودان لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ڕێکخراوەکە تەنها 21%ی ئەو پاڵپشتییەی وەرگرتوە کە پێویستیانە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی پێویست بۆ ئەو سودانییەکان کە لەئێستاوە لەژێر بارگرانی ململانێدا دەناڵێننو ئێستا ڕوبەڕوی برسێتییو نەخۆشییو لافاو دەبنەوە".
ڕەفعەت هەروەک وتی:"کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەشی پێویست کارناکات".
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەبێ وەڵامدانەوەی دەستبەجێو بەرفراوانو هاوئاهەنگیی جیهانیی، مەترسیی ئەوەمان لەسەرە لەچەند مانگی داهاتودا دەیان هەزار سودانی بمرن کە دەتوانرێت ڕێگری لەوکارەساتە بکرێت".
بهگوێرهى ئاماری ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، نزیکەی هەر لەپێنج کەس یەکێکیان لەناوخۆی سودان ئاوارەبون بەشێوەیەک 10.7 ملیۆن کەس لەناوخۆدا ئاوارەبون، هەروەک 2.3 ملیۆن کەس ڕویان لەدەرەوەی سنورەکانی وڵاتەکە کردوە.
و: ئاکۆ ئاڵی