سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد و بەلووچی خەڵکی سەبزەوار کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی سەبزەواری سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بەناوەکانی ڕەزا زەردکووهی تەمەن 31 ساڵ و موسەلڕەزا ئیبراهیمی تەمەن 24 ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی سەبزەوار جێبەجێ کرا.
موسەلڕەزا ئیبراهیمی هاووڵاتیی بەلووچی خەڵکی سەبزەوار و ڕەزا زەردکووهی هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی زەردکووهی شاری داوەرزەنی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی و باوکی منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ، سێ ساڵ پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو دوو بەندکراوە، هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە میدیا حکومیەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.