ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی، ڕۆژی یەكشەممە ئاشكرای كرد، واشنتۆن ڕادارێكی زەمینی بۆ ئیسرائیل دابین كردووە بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە ڕاوەدوونان و دۆزینەوەی سەرۆكی نوێی مەكتەبی سیاسی حەماس یەحیا سینوار.
ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، مانگی یەكی ڕابردوو، بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمریكا پێیانوابوو دەرفەتێكی دەگمەنیان لەبەردەمدایە بۆ كوشتنی یەكێك لە پیاوە داواكراوەكانی جیهان. لەو كاتەدا هێزەكانی ئیسرائیل هەڵیانكوتایە سەر كۆمەڵگەیەك لە باشووری كەرتی غەززە بە پشتبەستن بە زانیاری هەواڵگری كە ئاماژەیان بەوە دەكرد یەحیا سینوار، لەوێ خۆی حەشارداوە. دواتر دەركەوت كە ئەو لە ڕاستیدا لەوێ بووە، بەڵام چەند رۆژ پێشتر ڕۆیشتبوو.
ڕۆژنامەكە دەڵێت، لە دوای هێرشەكەی ٧ی ئۆكتۆبەرەوە، سینوار لەبەردەم خەڵكدا دەرناكەوێت، بە دەگمەن پەیام بۆ شوێنكەوتووانی دەنێرێت و كەم ئاماژە هەیە بۆ شوێنەكەی.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی رۆژنامەكە، سینوار ماوەیەكی زۆر لەمەوبەر وازی لەبەكارهێنانی پەیوەندییە ئەلیكترۆنییەكان هێناوە و تا ئێستا خۆی بەدوور گرتووە. پێدەچێت لە پەیوەندیدا لەگەڵ بزووتنەوەكەدا بمێنێتەوە، كە سەركردایەتی دەكات، لەڕێگەی تۆڕێكی نێردراوی مرۆییەوە. چۆن ئەم سیستەمە كاردەكات تا ئێستاش بە نهێنی ماوەتەوە.
چاوپێكەوتنەكانی نیویۆرك تایمز لەگەڵ زیاتر لە بیست بەرپرس لە ئیسرائیل و ئەمریكا ئاشكرای كرد كە هەردوو وڵات سەرچاوەیەكی زۆریان بۆ هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی سینوار تەرخان كردووە.
بەرپرسان یەكەیەكی تایبەتیان لەناو بارەگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل شاباك دامەزراندووە، دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمریكاش ئەركی ڕوبەڕوبونەوەی پەیوەندییەكانی سنواریان پێدراوە، واشنتۆن ڕاداری زەمینیشی بۆ ئیسرائیل دابینكرد بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە گەڕان بەدوای سینوارو سەركردەكانی حەماسدا.
پێشتر سینوار لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا وەڵامی پەیامەكانی دەدایەوە، بەڵام لەم دواییەدا زۆر زیاتری خایاندووە تا وەڵامەكانی لێ وەرگیراوە.
لە مانگی ئابی ئەمساڵدا، بزووتنەوەی حەماس لە غەززە، یەحیا سینواری وەك سەرۆكی نوێی مەكتەبی سیاسیی خۆی لە شوێنی ئیسماعیل هەنیە دەستنیشان كرد.
هەنیە لە 31ی تەموزی رابردوودا لە هێرشێكدا لە تارانی پایتەختی ئێران تیرۆر كرا، هێرشێك لەسەر ئیسرائیل هەژماركرا، هەرچەند خۆی بەفەڕمی بەرپرسیارێتی هێرشەكەی نەگرتەئەستۆ.