شارپرێس:
دواى ڕازیبونى وه‌فده‌كه‌ى هه‌رێم به‌چه‌ند مه‌رجێكى وه‌زاره‌تى دارایی عێراق، به‌غدا هه‌واڵى دڵخۆشكه‌رى بۆ موچه‌خۆرانى هه‌رێم پێیه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، تاكۆتایی ئه‌مساڵ فه‌رمانبه‌ران ڕوبه‌ڕوى هیچ دڵه‌ڕاوكێیه‌ك نابنه‌وه‌و موچه‌ى مانگه‌كانى حه‌وت‌و هه‌شتیش به‌زوترینكات وه‌رده‌گرن.
لەدواین كۆبوونەوەی وه‌فدى هەرێم‌و نوێنەری وەزیری دارایی عێراق بەئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی عێراق، هەردوولا گەیشتوونەتە ڕێككەوتن كە تاوەکو كۆتایی ئەمساڵ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە بكرێت، بەڵام دەبێت هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك مەرج جێبەجێبكات بەپێچەوانەوە لەساڵی نوێ‌دا گرفت بۆ مووچە دروستدەبێتەوە.
لەكۆبوونەوەی یەكەمی وه‌فده‌كه‌ى هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق هیچ لێكنزیكبوونەوەیەك نەهاتبووە ئاراوەو وەزیری دارایی عێراق سووربووە لەسەرئەوەی كە ئامادەنین هیچ بڕەپارەیەكی دیكە بۆ مووچەی مانگی حەوت ڕەوانە بكرێت، بەڵام لەكۆبوونەوەی دووەمی وه‌فده‌كه دۆخەكە گۆڕانكاریی زۆری بەسەرداهات.
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى میدیاى نزیك له‌یه‌كێتى ئاشكرایكردوه، لەكۆبوونەوەی دووەمدا كه دوێنێ به‌ڕێوه‌چوو، وەزارەتی دارایی عێراق ڕەزامەندی دربڕیوە بەناردنی تەواوكاری مووچەی مانگی حەوت‌و هاوكات مووچەی مانگی هەشت ڕەوانە دەكات‌و بۆ مانگی نۆ تا مانگی 12 هیچ گرفتێك بۆ مووچە دروستناكەن، بەڵام بەجێبەجێكردنی كۆمەڵێك مەرج كە لەسەر حكومەتی هەرێم تا كۆتایی ئەمساڵ ئەو مەرجانە جێبەجێ بكات.
ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه، مەرجی سەرەكی وەزارەتی دارایی عێراق بریتى بووە لەوەی، دەبێت تا كۆتایی ئەمساڵ بابەتی به‌بانكیكردنى مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم یەكلایی بكرێتەوە، هەروەها حكومەتی هەرێم مانگانە بڕی 165 ملیار دینار لەداهاتی نانەوتی بۆ بەغدا ڕەوانە بكات، لەگەڵ ئەوەشدا بڕی زیادەی مووچەی شەش مانگی ڕابردووی بگەڕێندرێتەوە بۆ بەغدا، هەروەها ئامادەكردنی دۆسیەی ئەو مووچەخۆرانەی كە تائێستا هیچ بەڵگەنامەیەكی یاسایی مووچەخۆریان نییە لەگەڵ جێگیركردنی لیستی مووچەخۆران لەژمارەی فەرمانبەرو هێزی ئەمنی ڕاستەقینە، بۆیە وه‌فده‌كه‌ى وەزارەتی دارایی هەرێمیش ڕەزامەندبوون بەجێبەجێكردنی ئەو مەرجانە.