وه‌زیرێكى گۆڕان سكاڵایه‌كى هه‌ڵه‌ له‌سه‌ر ده‌زگاى میدیایى شارپرێس تۆمارده‌كات

کوردستان

01/09/2024‌ 13618 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیرێکی گۆڕان له‌سه‌ر داواكارییه‌كى ڕێكخه‌رى بزوتنه‌وه‌كه‌ بەڵێنیدا سکاڵایه‌كى دوساڵ له‌مه‌وبه‌رى لەدادگا لەسەر ده‌زگاى میدیاى شارپرێس بکشێنێتەوە، به‌ڵام ئه‌مڕۆ پەشیمان بوەوەو وتویه‌تى:"شارپرێس داواى كشانه‌وه‌ى ئه‌و سكاڵایه‌ى نه‌كردوه‌و نه‌شهاتون چایەکم لەگەڵدا بخۆنەوە".


ڕۆژى 31ى 7ى 2022 شارپرێس له‌هه‌واڵێكدا پشتبه‌ستوو به‌زانیاریی سه‌رچاوه‌ى تایبه‌ت له‌ناو بزوتنه‌وه‌كه‌ بڵاویكرده‌وه‌، گۆڕانخوازانى شارى هه‌ولێر هه‌ڕه‌شه‌ى سزادان‌و وازهێنان ئاراسته‌ى به‌رپرسانى باڵاى گۆڕان‌و عومه‌رى سه‌ید عه‌لى ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ربێت‌و كه‌مال موسلیم له‌پۆستى وه‌زیرى بازرگانى‌و پیشه‌سازیی حكومه‌تى هه‌رێم دوورنه‌خاته‌وه‌.

دواى بڵاوبونه‌وه‌ى ئه‌و هه‌واڵه‌، وه‌زیره‌كه‌ى گۆڕان له‌كابینه‌ى نۆى حكومه‌ت سكاڵاى یاسایی له‌سه‌ر شارپرێس تۆماركردو كه‌یسه‌كه‌ چه‌ندینجار دانیشتنى بۆكراوه‌، به‌ڵام دواترو له‌سه‌ر داواكاریى به‌رپرسانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان‌و به‌تایبه‌ت ڕێكخه‌رى گشتى بزوتنه‌وه‌كه‌، بڕیاربوو كه‌مال موسلیم وه‌زیره‌كه‌ى گۆڕان له‌حكومه‌تى هه‌رێم داواكه‌ى بكشێنێته‌وه‌، به‌ڵام به‌بیانوى ئه‌وه‌ى ده‌زگاى میدیایى شارپرێس داواى لێبوردنى لێ نه‌كردوه‌و هیچ داواكاریه‌كیشى ئاراسته‌ نه‌كردوه‌ بۆ كشانه‌وه‌ى سكاڵاكه‌، ئه‌و سكاڵاكه‌ى ناكشێنێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 1ى ئه‌یلولى 2024، دانیشتنێكى دیكه‌ى دادگایی ئه‌و كه‌یسه‌ له‌هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام به‌هۆى ئاماده‌نه‌بونى وه‌زیر له‌دادگاو له‌سه‌ر داواى شارپرێس، دادوه‌ر كه‌یسه‌كه‌ى له‌ماده‌ى ژماره‌ 2ى مۆبایله‌وه‌ بۆ یاساى ژماره‌ 35ى ڕۆژنامه‌گه‌رى گۆڕیى‌و بڕیاردراوه‌ مانگى 11ى ئه‌مساڵ دانیشتنێكى دیكه‌ى دادگا به‌ڕێوه‌بچێت.

له‌ماوه‌ى ڕابردودا ڕێكخه‌رى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان قسه‌ى له‌گه‌ڵ وه‌زیره‌كه‌ى خۆیان كردوه‌و داوای لێكردوه‌ ئه‌و سكاڵایه‌ بكشێنێته‌وه‌، ئه‌وكات به‌و داواكارییه‌ ڕازیببوو كه‌ ده‌یكشێنێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ كاتێك كه‌ كه‌یسه‌كه‌ له‌به‌رده‌م دادوه‌ر بوو بۆ ئه‌وه‌ى بڕیارى كۆتایی بدرێت‌و كه‌یسه‌كه‌ دابخرێت، وه‌زیره‌كه‌ په‌شیمان بوه‌ته‌وه‌و وتویه‌تى:"پاشه‌كشه‌ به‌و كه‌یسه‌ ناكه‌م، ده‌بوو شارپرێس له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى دیكه‌ى گۆڕان سه‌ردانێكى منیان بكردایه‌و چایه‌كمان پێكه‌وه‌ بخواردایه‌ته‌وه‌".

كه‌مال موسلیم وه‌زیرى بازرگانى حكومه‌تى هه‌رێم (له‌پشكى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان) ده‌رچوى كۆلێژى یاسایه‌، به‌ڵام كاتێك سكاڵاكه‌ى له‌سه‌ر ده‌زگاى میدیایى شارپرێس تۆماركردوه‌، به‌یاساى خراپ به‌كارهێنانى ئامێره‌كانى په‌یوه‌ندیى ( ژماره‌ 2ى مۆبایل) سكاڵاكه‌ى تۆماركردوه‌، نه‌ك یاساى ژماره‌ 35ى ڕۆژنامه‌گه‌رى.