ڕاپۆرتێکی ئیسرائیلی: لەسایەی جەنگی غەززەوە ئێران لەبەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆم نزیکبوه‌تەوە

جیهان

07/09/2024‌ 3214 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاپۆرتێکی کەناڵی 12ی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوەکردوە، ئێران نزیکە لەدەستکەوتنی بڕێک لەیۆرانیۆمی پیتێنراو کە بەشی دروستکردنی چوار بۆمبی ئەتۆمیی دەکات، ئەم پێشکەوتنە سەرەڕای بەردەوامیی سزاکانی ئەمریکایە، کە هاوکات ئێران لەڕوی نەوتیشەوە بەهێزتر بوەو بەرهەمهێنانی نەوتی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردوه‌تەوە.


بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئێران لەمدواییانەدا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوا، کە گوماندەکرێت ئەو هەنگاوەی یان بۆ کوشتنی کات بێت یان ڕەنگە ڕەنگدانەوەی خواستی ڕاستەقینەی حکومەتی نوێی ئێران بێت بەسەرۆکایەتی مەسعود پزیشکییان، سەرۆکی ڕیفۆرمخواز بۆ سوککردنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە.

هەروەک لەڕاپۆرتەکەدا تیشکخراوەتەسەر ئەوەی کە ئێران کار بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەکات لەژێر ڕۆشنایی شەڕی غەززە، جگەلەوەی پێشکەوتن لەتوێژینەوەکانی پەیوەست بەبەرهەمهێنانی پێکهاتەکانی چەکی ئەتۆمیی هەیە.

دەشڵێت:"خەمڵاندنە ئەمریکییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ڕەنگە ئێران بتوانێت لەماوەیەکی کورتدا کە لەیەک تا دوو هەفتەوە ئەو کەرەستەیه‌ى پێویستیه‌تى بۆ پیتاندنی سەربازیی بەرهەم بهێنێت".

لەڕوی سیاسییەوە ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات، هاتنی پزیشکیان بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار دوای گیانله‌ده‌ستدانى ئیبراهیم ڕەئیسی لەڕوداوی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەره‌كه‌یدا، ڕەنگە کاریگەریی لەسەر سیاسەتی ئەتۆمی ئێران هەبێت، چونکە پزیشکییان لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا خواستی گفتوگۆی لەگەڵ ڕۆژئاواییەکان نیشاندا.