خۆبەڕێوەبەریی شەنگال داوا لە سودانی دەکات پێنج شەڕڤانی یەبەشە ئازاد بکات

کوردستان

05/04/2025‌ 521 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال داوا لە سودانی دەکات، لەگەڵ هاتنی جەژنی چوارشەمەی سەریساڵدا، ئەو پێنج شەڕڤانەی یەبەشە کە لە بۆسەیەکی سوپای عێراقدا بە برینداری دەستگی کران، ئازادبکرێن.

لە راگەیەندراوێکدا، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر شەنگال داوایەکی ئاراستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، ئەو پێنج شەڕڤانەی یەبەشە، کە لە ١٨ـی ئاداری ئەمساڵ لەلایەن سوپای عێراقەوە بە دیل گیرابوون، لە جەژنی چوارشەممەی سەری ساڵ، ئازادیان  بکات.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کۆمەڵگەی ئێزدی پایەیەکی ڕەسەنی عێراقە، پاش فەرمانەکەی ساڵی ٢٠١٤، هێشتا کاریگەری کۆمەڵکوژی بەسەر ئەم کۆمەڵگەیەوە ماوە، هێشتا چارەنووسی هەزاران کەسی بێسەروشوێنمان نەزانراوە، ئەم تراژیدیایە، بەشێوەیەکی جدی هەبوون و ئایندەی ئێمە دەکاتە ئامانج.

داوا لە بەرپرسانی عێراق دەکەن، لە عارەفەی جەژنی چوارشەممەی سەرەتای نیساندا، ڕۆڵەکانمان ئازادبکرێن، با ئەم جەژنە ببێتە پەیامی دەوڵەتێکی بەهێز، کە تێیدا خۆشگوزەرانی و یەکێتی و دادپەروەری باڵادەستە.

لەکۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەهیواین دەوڵەت وەڵامی ئەم داوایەمان بداتەوە، ئەم هەنگاوە وەک سەرکەوتنێک بچێتە نێو لاپەڕەکانی مێژووەوە کە یەکێتی هەموو پێکهاتەکان پتەو دەکات.

بەپەلە