سەردار عەزیز
لەم نوسینە کورتەدا هەندێک چەمکێک ڕاڤە دەکەم کە گرنگن بۆ
تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئێستادا.
ئەمریکا و ئێران لە چەند جۆرێک پەیوەندیدان، دانوستان، ئابلۆقە،
ئەگەری شەڕ.
بۆ تێگەیشتن لە دانوستانەکانی ئێستا، پێویستە چەند چەمکێک
ڕون بکەینەوە، لەوانە بلۆب blob، مۆدێلی لیبی،
پیتاندن، شۆرش.
ئایا بۆچی دۆناڵد ترامپ ستیڤ ویتکۆفی کرد بە نوێنەری خۆی؟
واشنتون بەوە ناسراوە کە پڕە لە لە ناوەند و دەزگا و لۆبیی
و کەسایەتی و بەرژەوەندی جیاواز. بن ڕۆدۆس، کە هەشت ساڵ وتارنوسی ئۆباما بوو، ئەم ناوەند
و کەسایەتیانە ناو دەنێت، بلۆب. پاشان بلۆب لە لایەن هەردوو بەرەکەوە بەکارهات. ترەمپ
بۆ ئەوەی کە خۆی لە بلۆب بپارێزێت، ستیڤ ویتکۆڤی هێناوە، چونکە هەم ئیدارەکەی خۆی و
هەم واشنتۆن ئالودەن بە دژە ئێرانی.
ستیڤ کێیە؟ ستیڤ ویتکۆڤ ملیاردێرێکی جوی نیورکیە کە هاوڕێی
ترەمپە. جوو بونی هاوکاری دەکات هەتا لە لۆبیی ئیسرائیلی بە دووربێت بە بە تایبەتی
لە ناتۆرەی دژە-سامیەت. خواستی ترەمپ بۆ شەڕ نەکردن و خۆپاراستنی لە ناوەندە کۆنەکان،
ئەگەری سەرکەوتنی دانوستانەکان زیاتر دەکات.
مۆدیلی لیبی چیە؟ ئیسرائیل دژ بە دانوستان نیە، بە ڕاشکاوانە،
بە تایبەتی بۆ ڕاگرتنی دڵی ترەمپ، بەڵام خواستی ئەوەیە کە مۆدێلی لیبی پەیڕەو بکرێت.
مۆدێلی لیبی یانی کۆتاییهێنان بە توانای ئێران بە پیتاندنی یورانیوم. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی
ئەمەی لە گەڵ لیبیادا کرد، بەڵام لیبیا خاوەن ئایدیای پیتاندن بوو نەک بەرنامە. جیاوازییەکە
ئەوەیە کە ئێران نەک خاوەن تەکنەلۆجیای پیتاندنە، بەڵکو خاوەن توانای زانستیشە، وەک
موحسین میلانی دەڵێت. ئێران دژ بە مۆدێلی لیبیە، ئیدارەی ترەمپ، خواستی ئەوەیە کە ئێران
یورانیومی پیتێنراو هاوردە بکات، نەک بەرهەمی بهێنێت. ئێران دەخوازێت توانای پیتاندنی
بڕێکی کەمی هەبێت. ئێستا دانوستانەکان لەم ماخولانەدان.
سەردەمی ئەتۆمی؟
دانوستانەکان لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە دونیا دەگەڕێتەوە
بۆ سەردەمی ئەتۆمی. هەموو ئەوانەی کە دەستبەرداری تەکنەلۆجیا و چەکی ئەتۆمی بوون پەشیمانن،
لە نێویاندا ئۆکرانیا و ئەڵمانیاش. بە تایبەتی چیدی کەس باوەر بەوە ناکات کە دەتوانێت
پشت بە ئەمریکا ببەستێت هەتا بیپارێزێت.
عێراق لە پرۆسەیەکدایە بۆ بەدەستهێنانی توانای وزەی ئەتۆمی
لە لایەن چینەوە. بەرپرسێکی پێشوی ئیدارەی ترەمپ پێی گوتم، ئەگەری زۆرە ئەم ئیدارەیە،
نیگەران بێت بەم هەنگاوە. بەڵام عێراق پێداگری لە خۆ دوورگرتن دەکات لە چەکی ئەتۆمی.
چەمکی شۆڕش، بۆ ئێستای ئەمریکا بە کاردێت لە لایەن نوخبەکە
و ڕەخنەگرانی. ستیڤ بانون دەڵێت ئەوەی هەیە شۆڕشە. شۆڕش بەو مانایە چیدی ئەوەی هەبوو
بەردەوامی نیە. ئەمریکا تەنها خەمی خۆیەتی. ئەمەش ئەگەری ڕێکەوتن زیاتر دەکات.
دەرفەت و دەستکەوت بۆ هەردوولا
ئێران و ترەمپیش بە دەرفەتی دەزانن. بۆ ئێرانییەکان خۆ ڕزگارکردن
لە لێدان و سوککردنی ئابلۆقە دەستکەوتی گەورەن. هەروەها واژۆکردن لە گەڵ ترەمپدا باشترە
لە دیموکراتەکان چونکە ئەگەر دیموکراتەکانیش بێنەوە هەڵی ناوەشێننەوە.
هەرجۆرە ڕێکەوتنێک ئێران وەک زلهێزێکی ئیقلیمی دەهێڵێتەوە،
ئەمەش دژ بە خواست و پلانەکانی ئیسرائیل و تورکیایە کە دەخوازن ببنە خاوەن میراتییەکانی
ئێران لە ناوچەکە. ئەمجارە بە پێچەوانەی جاران وڵاتانی کەنداو هەڵوێستیان لە گەڵ ئێراندا
جیاوازە، نە هێندە باوەڕ بە ئەمریکا دەکەن، نە هێندە دژایەتی ئێران.
هەر جۆرە ڕێکەوتنێک هەژەمۆنیەتی ئێران لە عێراقدا دەهێڵێتەوە،
ئەمەش بۆ گەشە و دیموکراسی عێراق زیان بەخشە.
