وردەکاریی گەورەترین جەنگی ئاسمانیی لەنێوان هیندستان و پاکستان ئاشکرادەکرێت

جیهان

09/05/2025‌ 2854 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کەناڵی سی ئێن ئێن لەراپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، ئاسمانی نێوان هیندستان و پاکستان  یەکێک لە گەورەترین و درێژترین جەنگە ئاسمانییەکانی  لە مێژووی فڕۆکەوانی مۆدێرندا بەخۆوە بینیوە، بەشێوەیەک نزیکەی 125 فڕۆکەی جەنگیی لە هەردوو وڵاتەوە بەشداربوون و زیاتر لە کاتژمێرێک بەردەوام بووە.

بەگوێرەی کەناڵەکە، هێشتا وردەکارییەکانی ئەم پێکدادانە بە تەواوی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنێکی مەترسیدارە لە گرژییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمیی و پرسیار لەبارەی ئامادەیی هێزی ئاسمانیی دوو وڵات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخە پەرەسەندووەکانی لەو شێوەیە دەوروژێنێت.

تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەلایەن وەزارەتەکانی بەرگریی لە نیودەلهی یان ئیسلام ئاباد سەبارەت بە ڕادەی زیانەکان یان ژمارەی فڕۆکەکانی بەشداربوو دەرنەچووە، لە کاتێکدا شرۆڤەکاران هۆشدارییان داوە کە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووبەڕووبوونەوانە دەتوانێت کاردانەوەی مەترسیداری لە ناوچەکەدا هەبێت.

سی ئێن ئێن لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی پاکستانەوە بڵاویکردەوە، جەنگە ئاسمانییەکە لە گەورەترین و درێژترین جەنگە ئاسمانییەکان مێژووی فڕۆکەوانییدا بووە، ئەوەش پشتڕاستی کردووەتەوە کە 125 فڕۆکەی جەنگیی بەشدارییان لە شەڕەکەدا کردووە و هیچ لایەنێک ئاسمانی ئەویتریان پێشێل نەکردووە، کە  ئەمەی بە بەڵگەی دیسیپلینی سەربازیی و حیساباتی وردی شەڕکردن لەلایەن هەردوولاوە وەسفکردووە، بەڵام سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوەکردووە کە نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەم لێدوانانە پشتڕاست بکاتەوە.

لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، وەزیری دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاند، وڵاتەکەی رۆژی سێشەممە فڕۆکە جەنگییەکانی چینی بەکارهێناوە بۆ خستنەخوارەوەی پێنج فڕۆکەی هیندستان ، ئەمەش دوای هێرشە ئاسمانییەکانی هیندستان کە ئەو شوێنانەیان کردە ئامانج کە بە "شوێنی تیرۆریستی" لە ناو خاکی پاکستاندا وەسفکرابوون، لەنێویاندا ناوچەکانی کشمیر لە ژێر دەسەڵاتی ئیسلام ئاباد.

بە گوتەی دەسەڵاتدارانی پاکستان، فڕۆکە تێکشکاوەکانی هیندستان بریتی بوون لە سێ فڕۆکەی جەنگیی ڕافالی دروستکراوی فەرەنسی و فڕۆکەیەکی جۆری میگ 29 و سو-30 کە هیچ کامیان نەپەڕیونەتەوە ئاسمانی پاکستان.

 لای خۆیەوە هیندستان هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر ئەو بانگەشانە بڵاونەکردۆتەوە، بەڵام دانی بە لەدەستدانی سێ فڕۆکەی هێزی ئاسمانی خۆیدا ناوە. سی ئێن ئێن جەختی لەوەکردۆتەوە  کە نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ لەم زانیاریانە پشتراست بکاتەوە.