مەترسیی هاوپەیمانیی ئێران و رووسیا و چین لەسەر ناتۆ

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 97 جار خوێندراوه‌ته‌وه


گۆڤاری "ناشیۆناڵ ئینترێست"ی ئەمریکی لەراپۆرتێکدا باسی لەوەکردووە کە ڕوسیا بەردەوامە لە پەرەپێدانی ستراتیژی سەربازیی خۆی لە شەڕی بەردەوامی لەگەڵ ئۆکرانیا، بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی داهێنەرانە، دیارترینیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید-238 کە بە هێزی جێت کاردەکات. 

لەدرێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە: لە کاتێکدا ڕووسیا سەرەتا پشتی بە فڕۆکەی ڕۆتۆرکرافتی شاهید-136 ی ئێرانیی بەستبوو، کە لە ئەیلوولی 2022ەوە وەک ئامرازێکی سەرەکیی بۆ بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئۆکرانیا سەریهەڵداوە، خێرایی کەم و مەودا سنووردارەکەی وایکردووە کە ڕووبەڕووی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرانیا بێت، ئەمەش وایکردووە ڕووسیا وەشانی پێشکەوتووی جێت وەربگرێت.

فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید-238 کە لەلایەن ئێرانەوە بەرهەم هێنراوە و ئێستا رووسیا وەک وەشانی تایبەتی خۆی ناوی (جیران-3)ی  بەرهەمی دەهێنێت، بەهۆی بزوێنەری جێتەکەیەوە بازدانێکی چۆنایەتییە، چونکە خێراییەکی زیاتری پێدەبەخشێت و توانای زیاتری پێدەبەخشێت بۆ چوونە ناو سسیتەمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی دوژمن.

 ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانە دیزاینی  باڵە دەلتاکانی فڕۆکەکەی پێشووی پاراستووە، بەڵام ئامێری وەرگرتنی هەوا و بزوێنەری ڕەنگی ڕەشی هەیە بۆ کەمکردنەوەی دۆزینەوەی لە شەودا.  فڕۆکەکە سێ وەشانی بەردەستە کە هەریەکەیان سیستەمی ڕێنمایی جیاوازیان تێدایە، کە هەندێکیان پشت بە سیستەمی ئاڕاستەکردنی وەک GPS و GLONASS دەبەستن، هەندێکی تریش ئامێری ئۆپتیکاڵ یان ڕادار سیکەر بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجە هەستیارەکان یان بەرگریی ئاسمانیی، ئەمەش نەرمییەکی بەرزیان پێدەبەخشێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئامانجە جۆراوجۆرەکان.

بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ڕۆژئاوا، ڕووسیا لەبری پێکهاتەکانی ڕۆژئاوا، پێکهاتەکانی چینی وەک ئاریالی ئاڕاستەکردن و چیپێکی کۆمپانیای پەکین مایکرۆئێلکترۆنیکی بۆ فڕۆکەکە دابینکردووە. هێنانەکایەی ئەم مۆدێلە بەشێوەیەکی بەرچاو ڕەوتی جەنگی ئۆکرانیای لە بەرژەوەندی ڕووسیا گۆڕیوە، چونکە لە ماوەی یەک ساڵدا نزیکەی 15 هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهیدی بەرەو ئامانجەکانی هەڵداوە، لە کاتێکدا ژمارەی وردی خستنەخوارەی فڕۆکەکان نادیارە، بەڵام زیانەکانی لەسەر ژێرخانی ئۆکرانیا بەرفراوانن.

ڕووسیا بە پاڵپشتیی ئێران دەستی بە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی فڕۆکەی جیران-3 کردووە لە ناوچەی ئابووری ئەلابوگا، بەشێوەیەک مانگانە 440 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرهەم دەهێنێت و پلانی هەیە تا کۆتایی ساڵی 2025 ئەو ژمارەیە بۆ 6 هەزار فڕۆکە زیاد بکات، هەرچەندە تێچووی وەشانی جێت نزیکەی 150 هەزار دۆلارە، بە بەراورد بە 50 هەزار دۆلار بۆ فڕۆکەی شاهید-136، بەڵام هێشتا بە شێوەیەکی بەرچاو هەرزانترە لە مووشەکی کرووز کە ڕێگە بە هێرشی بەرفراوان و کاریگەر دەدات، جگە لەوەش ڕووسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ساختەی وەک گێربێرا بەکاردەهێنێت بۆ چەواشەکاری و ماندووکردنی سیستەمە بەرگرییەکانی ئۆکرانیا.