زیاتر له‌پێنج هەزار خانەنشینی نوێ خرانە لیستی موچەوە

ئابوری

26/05/2025‌ 3781 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتى دارایى‌و ئابورى هه‌رێم ئاشكرایكرد، هەوڵەکانیان چڕکردوەتەوە بۆ خێرا ڕاییکردنى مامەڵەى خانەنشینان، دەشڵێت، "بۆ لیستى موچەى مانگى پێنج، زیاتر لەپێنج هەزار خانەنشینى نوێ خراونەتەوە لیستى موچەوه‌".


لەڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی‌و ئابوری هەرێم بڵاویکردەوە، لەچوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی دارایی، چەندین ڕێکارو هەنگاوی پێویست بۆ خێرا ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینان گیراونەتەبەر.

ئەوەشخراوەتەڕوو، داوا لەسەرجەم وەزارەت‌و فەرمانگەکانی نەبەستراو بەوەزارەت کراوە، لەسەر بنەمای فۆڕمی زانیاریی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشین دۆسیەی ئەو فەرمانبەرانە ڕەوانە بکەن کە تەمەنی یاساییان لەخزمەت تەواوبوەو به‌گوێره‌ى یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق ڕەوانەی خانەنشینیدەکرێن.

وەک لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، لەئەنجامی ئەو ڕێکارانەی لەدوو مانگی ڕابردوو گیرانەبەر توانراوە بۆ لیستی موچەی مانگی ئایار پێنج هەزارو 261 خانەنشینی نوێ داخڵی لیستی موچە بکرێنەوەو ناوەکانیان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە تا لەگەڵ موچەی مانگی ئایار موچەی مانگەکانی ڕابردوشیان بۆ خەرجبکرێتەوە بەگوێره‌ى ئەو تەرخانەی لەساڵی 2025 بۆیان جێگیرکراوە.

س.س