ئیدارەی خۆسەر ڕادەستکردنی کەمپی هۆڵ بەدیمەشق ڕەتدەکاتەوە

ڕاپۆرت

27/05/2025‌ 1041 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ڕۆژئاوای کوردستان: کەنداڵ جودی

بەرپرسێکی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سەردانەکەی شاندی حکومەتی دیمەشق بۆ کەمپی هۆڵ تەنها بۆ دانانی میکانیزمێکە بۆ گەڕانەوەی بەندکراوانی سوریا و کەمپەکە لەژێر بەڕێوەبردنی ئیدارەی خۆسەر دەمێنێتەوە.

دوای ئەوەی شاندی حکومەتی دیمەشق لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر و شاندی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چەند ڕۆژێک پێش ئێستا سەردانی کەمپی هۆڵیان کرد، دەنگۆی زۆر بڵاوبووەوە کە ئێستا حکومەتی دیمەشق ئیدارەی کەمپی هۆڵ کۆنترۆڵ دەکات.

سەبارەت بەو پرسە، هاوسەرۆکی فەرمانگەی کاروباری کۆچبەرانی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، شێخ موس ئەحمەد بۆ شارپرێس ڕایگەیاند کە کەمپی هۆڵ لەلایەن ئیدارەی خۆسەرەوە بەڕێوەدەبرێت و لەلایەن هێزەکانی هەسەدە و هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆوە پارێزراوە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش هاوبەشی ئەوانە. 

شێخ موس ئەحمەد وتیشی، "سەردانەکەی حکومەتی دیمەشق لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی نێوان فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە،  مەزلوم عەبدی، و  ئەحمەد شەرع بوو، یەکێک لە خاڵەکانی ئەو ڕێکەوتنە بابەتی کۆچبەران بوو. هەروەها داوامان کرد خەڵکی سوریا کەمپی هۆڵ بەجێبهێڵن.  شاندەکە تەنها بۆ میکانیزمێک بوو بۆ گەڕانەوەی بەندکراوانی سوری لەناو کەمپەکەدا جگە لە گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمی گەڕانەوەی سوریەکان هیچ گفتوگۆیەکی تر ئەنجام نەدرا.

 ئایا حکومەتی دیمەشق ئێستا ئیدارەی کەمپی هۆڵ لە ئیدارەی خۆسەر وەردەگرێت، ئەحمەد لە وەڵامدا وتی: نەخێر، بەڕێوەبردنی کەمپەکە ڕادەستی حکومەتی دیمەشق ناکرێتەوە و بەردەوام دەبێت لە بەڕێوەبردنی لەلایەن ئیدارەی خۆسەرەوە. 

شێخ موس ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا کە ژمارەی خێزانە سورییەکان لە کەمپی هۆڵ نزیکەی 4 هەزار خێزانە و ئەوانەی دەیانەوێت بچنە دەرەوە خۆبەخشانە ئەو کارە دەکەن و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: فشار بۆ هیچ کەسێک ناکەین بگەڕێتەوە، هەمووان بە ئارەزووی خۆیان دەگەڕێنەوە.

ئەحمەد ڕایگەیاند، دوو ڕۆژی دیکە خێزانە سوورییەکان دەست دەکەن بە جێهێشتنی کەمپی هۆڵ. 
ئ.ه