شارپرێس:
کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بەسەرپەرشتیی مهسعود بارزانی کۆدەبێتەوە، میدیاى پارتیش ڕایدهگهیهنێت، "كۆبونهوهى ئهمڕۆ هەڵوێستی خۆی لەبارەی ڕاگرتنی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان ڕادەگەیەنێت".
بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى ئاشكراكراون، کاتژمێر 10ى بەیانیی ئەمڕۆ دوشەممە، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرپەرشتیی مهسعود بارزانی کۆدەبێتەوە.
ئهوهش زانراوه، تەوەری سەرەکیی کۆبونەوەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، تاووتوێکردنی بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت بۆ ڕاگرتنی موچەی فەرمانبەرو موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
ئەم کۆبونەوەیە لەکاتێکدا بەڕێوەدەچێت، پێنجشەممەى ڕابردوو، مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕاگەیەندراوێکى بڵاوكردهوهو ڕایگهیاند، "ڕای گشتیی عێراقو هەرێم ئاگاداردەکەینەوە کە حکومەتی فیدراڵی بەردەوامە لەپێشێلکردنی مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان، دوا پێشلکاریشی نوسراوەکەی وەزارەتی داراییە کە دژی دەستورو بنەماکانی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتەو بەسیاسیکردنی قوتی خەڵکە".
مەکتەبی سیاسیی پارتی باسی لەوەشکردبوو، "ئەم بابەتە لەکۆبونەوەی داهاتوی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیی لە2ى 6ى 2025 دەخەینە بەرباسو بڕیاروەرگرتنو ئەگەر تا پێش جەژنی پیرۆزی قوربان، مافو شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێم ڕەوانە نەکرێت، هەڵوێستی جدیمان دەبێتو ڕایدەگەیەنین".
هەفتەی ڕابردوو، تەیف سامى وەزارەتى دارایی عێراق بەنوسراوێکی فەرمی حکومەتی هەرێمى کردهوه لەوەى، چیدیکە ناتوانێت لەناردنى پارەی موچە بەردەوامبێت، بەپاساوى ئەوەى بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لەیاسای بودجە تێپەڕاندوەو ئەوەشى بەستوەتەوە بەپابەندبون بەبڕیارى دادگاى فیدراڵیو یاسای بودجەى گشتیىو دەڵێت:"19.2 ترلیۆن دینارى داهاتى نەوتىو نانەوتى ڕادەستنەکراوە".
ش ـ هـ