پەیوەندییەکانی تورکیاو کورد لەهاوپەیمانی مێژوییەوە بۆ نەخشەی جیۆپۆلەتیکی هاوچەرخ

توێژینەوە و شیکاریی

01/06/2025‌ 604 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەختیار ئەحمەد ساڵح

پوختە
لەم ساڵانەی دواییدا گوتاری سیاسی لە تورکیا گۆڕانى بەرچاوى بەخۆوە بینیوە بەتایبەت لە  پەیوەندییەکانی دەسەڵات لەگەڵ جوڵانەوەى ڕزگارى خوازى کوردا. ئەم نوسینه بە کەڵک وەرگرتن لە میتۆدی شیکاری گوتار، ڕیشەی مێژوویی، ئامانجە سیاسییەکان و ڕۆڵی كارەکتەرە بیانییەکان (بەتایبەت ئەمریکا) لەم پرۆسەیەدا، دەکۆڵێتەوە. دەرەنجامەکان ئەوە دەردەخەن کە گوتاری هاوپەیمانی تورک – کورد - ئیسلام پڕۆژەیەکی دیموکراسی نییە، بەڵکو بەشێکە لە ستراتیژێکی درێژخایەن بۆ پێناسەکردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و فراوانکردنی کاریگەریی ناوچەیی تورکیا لەژێر کاریگەریی گەمەی زلهێزە جیهانییەکاندا.

پێشەکی
ململانێی تورکیا و کورد بە یەکێک لە درێژخایەنترین و ئاڵۆزترین قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەژماردەکرێت، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بینەرى سەرهەڵدانی گوتارێکی نوێ بووین بە ناوی هاوپەیمانی تورک – کورد - ئیسلام کە بانگەشەی چارەسەری ئاشتی و پێکەوەژیان دەکات. بەڵام ئایا بەڕاستی ئەم گوتارە لەسەر بنەماکانى دیموکراسی و دادپەروەری دامەزراوە، یان ئامرازێکە بۆ پێشخستنی ئامانجە جیۆپۆلیتیکییەکانی تورکیا و هاوپەیمانەکانی؟

پاشخان
1.    ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی، لە یاڤوز – ئیدریسەوە تا ئەردۆغان – ئۆجالان: ئاماژەی ئەم دواییەی سیاسەتمەدارانی تورکیا بە هاوپەیمانی یاڤوز سوڵتان سەلیم و ئیدریسی بەتلیسى لە دژی شا ئیسماعیل سەفەوی هەوڵێکە بۆ شەرعیەتدان بە هاوپەیمانی ئێستای تورکیا لەگەڵ کورد، هەروەها عەبدوڵڵا ئۆجالان لە تێبینییەکانیدا باسی لە هاوپەیمانی تورک – کورد – ئیسلام لە شەڕی مەلازگێرد (١٠٧١ز) کردووە و وەک مۆدێلێک بۆ هاوکارییەکانی ئەمڕۆى ناساندووە.
2.    پەیمانی نیشتمانی، ئامرازێکە بۆ عوسمانیزمی نوێ؟ گوتاری گەڕانەوە بۆ پەیمانی نەتەوەیی لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا، نەک بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد، بەڵکو بۆ ڕەوایەتیدان بە فراوانخوازی لە موسڵ و کەرکوک و حەلەب بەکاردێت. قسەکانی ئەحمەد تورک-یش سەبارەت بە ویستی کورد بۆ پێکەوە ژیان لەگەڵ تورکەکان لەژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا ئەوە دەردەخات کە ئەم گێڕانەوەیە بەمەبەست ئەنجامدراوە.
3.    ڕۆڵی ئەمریکا، لە شەڕی ساردەوە تا ئەمڕۆ: بەڵگەنامەکان ئەوە دەردەخەن کە سی ئای ئەی و پنتاگۆن لە نەوەدەکانى سەدەى پێشوەوە پلانی تورکیایەکی فراوانکراو بە بەشداری کورد پەیڕەو دەکەن. گراهام فۆلەر (شرۆڤەکاری پێشووی سی ئای ئەی) لە کتێبەکەیدا (تورکیاى نوێ و سیاسەتی جیهانی موسڵمانان) بە ئاشکرا باسی کۆتایی کەمالیزم و پێویستی تورکیایەکی ئیسلامی میانڕەو بە بەشداری کورد کردووە. 
4.    كرانەوە بەڕووى کورد و گوشارەکانى ئەمریکا: کرانەوەى تورکیا بەڕووى کورد پەیوەندى ڕاستەوخۆى بە گوشارەکانى ئەمریکاوە هەبووە و بەر لە ئەردۆغان، دەوڵەت باخچەلى هەستى بە مەترسی خۆلان لەو گوشارانە کرد هەر بۆیە دەستپێشخەرییەکان لەوەوە دەستى پێکرد.
5.    هەنگاوەکانى ئەمریکا: پشتیوانى ئەمریکا لە هێزەکانى سوریاى دیموکرات لە سوریا و گرێبەستى وزەى کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەگەڵ سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتى ناوەندى وەک بەشێک لە ستراتیژى ئەمریکا لێکدەدرێتەوە بۆ دروستکردنی هەرێمێک لەژێر کاریگەریی ڕۆژئاوادا، توركیا تا ئێستا نەیتوانیوە خۆى لەگەڵ ئەو پڕۆژەیەدا بگونجێنێت و هەوڵددات لە باکورەوە شەڕى ئەو پڕۆژەیە بکات بە پڕۆسەى ئاشتى.

دەرەنجام
1.    گوتاری هاوپەیمانی تورک – کورد - ئیسلام پرۆژەیەکی جیۆپۆلەتیکییە، نەک جوڵانەوەیەکى دیموکراسی. كارەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم پڕۆژەیە بریتین لە عوسمانییە نوێکان لە تورکیا و ئەمەریکا، کە هەوڵی دووبارە داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدەن.
2.    لە درێژخایەندا ئەم ستراتیژە ڕەنگە ببێتە هۆی پەرەسەندنی قەیرانی نوێ لە نێوان تورک و کورد، بەوپێیەى هاوڵاتى تورک بۆ ئەم گۆڕانکارییانە ئاماد نەکراون و لە لایەکى دیکەوە ئەردۆغان ئەو پەڕى گوشار دەکات بۆ لە قاڵبدانى کورد لە باکور و ڕۆژئاوا.  
3.    چارەسەرکردنی پرسی کورد پێویستی بەگرتنەبەرى ڕێبازێکی دیموکراسی و دادپەروەرانە هەیە، نەک بەکارهێنانی ئامرازی بۆ مەبەستی پاوانخوازى.