سزای سێدارەی پێنج بەندکراو جێبەجێکرا

کوردستان

02/06/2025‌ 318 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سزای سێدارەی پێنج بەندکراو لەوانە دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی عەلی کەرەمی نەسر و عەلیرەزا شەهبازی لەگەڵ عەلی عەباسی و هەروەها نەوید هۆداڤەند خانی، هاووڵاتی لوڕ و نەعیم ناسری، لە بەندیخانەکانی قزڵحیسار و هەمەدان جێبەجێکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کوردی خەڵکی کۆیەشت بە ناوەکانی عەلیرەزا شەهبازی، تەمەن ٤٥ ساڵە و باوکی دوو منداڵ و عەلی کەریمی نەسر و بەندکراوێکی دیکە بە ناوی عەلی عەباسی، خەڵکی ئەفەسریەی تاران، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێکرا.

عەلی عەباسی، پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست، عەلیرەزا شەهبازی و عەلی کەرەمی نەسر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو.

عەلیرەزا شەهبازی و عەلی کەرەمی نەسر نزیکی یەک مانگ پێش بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابوونەوە، بەڵام جێبەجێکردنی سزاکەیان بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیرا و بۆ بەندی گشتی گەڕێندرابوونەوە.

هاوکات، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی نەوید هوداڤەند خانی، هاووڵاتی لوڕ و نەعیم ناسری، کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان جێبەجێ کرا. 

ئ.ه