بڕیارى 15 ساڵ زیندانیكردن بۆ به‌ڕێوه‌به‌رى بانكێكى تایبه‌ت ده‌ركرا

عیراق

04/06/2025‌ 2220 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەستەی نەزاهەی عێراق ڕایگەیاند، بڕیاری زیندانیكردنی 15 ساڵ، بێ ئامادەبونى خۆى، بۆ بەڕێوەبەری لقی بانكێكی تایبەت لەزانكۆیەكی كەركوك بەتۆمەتی دزینی زیاتر لە 234 ملیۆن دیناری كرێی خوێندنی ئێوارانی خوێندكاران دەركراوە.


دەستەكە لەبەیاننامەیەكدا ئاشكرایكردوه‌، دادگای تاوانەكانی كەركوك/ دەستەی دوەم، فەرمانێكی بێ ئامادەبون بەزیندانیكردنی 15 ساڵ بۆ تۆمەتباری هەڵاتوو (نەمیر خەلیل محەمەد عەلی سەعید داودی) دەركردوە كە بەڕێوەبەری نوسینگەی لقی بانكێكی تایبەت بوە لەیەكێك لەزانكۆكان لەشارەدێی پردێ لەكەركوك.

ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه‌، ئەوەش بەهۆی دزینی بڕی 234 ملیۆن‌و 945 هه‌زار دینار كە بریتی بوە لەكرێی خوێندنی ئێوارانی خوێندكاران بۆ هەردوو مانگی كانونی دوەم‌و شوباتی 2022.

زیاتر هاتوە، دادگاكە دوای دیتنی بەڵگەكان كە بریتیبون لەقسەی نوێنەری یاسایی فەرمانگەكەو قسەی سكاڵاكەران‌و ڕێنوێنیی لێكۆڵینەوەی ئیداریی‌و هەڵاتنی تۆمەتباران، ئەوانەی بەگونجاوزانی بۆ ئاراستەكردنی تۆمەتەكە بۆ تاوانبارو سزادانی، بۆیە به‌گوێره‌ى مادەی 315ی یاسای سزاكان زیندانیكردنی 15 ساڵی بۆ بڕیەوە، هەروەها فەرمانی گرتن‌و قەدەغەی گەشتكردن‌و دەستبەسەرداگرتنی تەواوی سامانە گوازراوەو نەگوازراوەكانی بۆ دەرچوه‌.