لەنێوان سوێندو سەرۆکایەتی.. چیرۆکی ناڕونی یاسایی لەهەرێمی کوردستان

توێژینەوە و شیکاریی

04/06/2025‌ 618 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ڕۆژی 26ى 6ى 2024 سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسومی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی دەرکرد، بەپێی ئەو مەر سوومە ڕۆژی 20ى 10ى 2024 وەک ڕۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیار کرد. 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی ئیتیحادی لە ڕۆژی دیاریکراودا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ئەنجام دا، دوای یەکلایی کردنەوەی تانەکان لە لایەن دەستەی دادوەری هەڵبژاردن، لە ڕۆژی 24ى 11ى 2024 بەپێی کۆ نووسی ژمارە (44) بڕیاری ژمارە (4) ئەنجوومەنی کۆمسیاران ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد. بەپێی ڕێک کارەکانی یاسا بەرکارەکان وەک لە ماددەی (47و 48) یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان‌و یاسای سەرۆکایەتی هەرێمدا هاتووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسومی هەرێمی بۆ دانیشتنی یەکەم کۆ بوونەوەی پەرلەمان دەرکرد، لەبەر ڕۆشنایی ئەو مەرسوومە هەرێمییە ڕۆژی 2ى 12ى 2024 بەربژێرە دەرچووەکان سوێندی یاساییان خوارد، پاڵپشت بەمادەی (47، 48و 51) لەیاسای پەرلەمانی کوردستان‌و یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، مادەی (13) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان خولی (شەشەم) واتە خولی نوێی پەرلەمان بەفەرمی دەستیپێکرد وەک لەدەقی مادەی (51)دا هاتووە (ماوەی پەرلەمان چوارساڵە، لەیەکەم دانیشتنییەوە دەستپێدەکات، لەدوا دانیشتنی ساڵی چوارەمدا کۆتایی دێت)، پرسیارێکی بەجێ ئایا ئەنجامەکان پەسەندکران؟ وەڵام بەڵێ.

ئایا پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد؟ وەڵام بەڵێ، ئایا خولی شەشەم دەستیپێکرد؟ وەڵام بەپێی حوکمی مادەی (51) لەیاسای هەڵبژاردن کە تێیدا هاتوە (ماوەی پەرلەمان چوارساڵە، لەیەکەم دانیشتنییەوە دەستپێدەکات، لەدوا دانیشتنی چوارەمدا کۆتایی دێت) وەڵام بەڵێ.
هەر وەک مادەی (13)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە دان بەوەدادەنێت کە لەڕۆژی سوێندخواردنەوە بەربژێران دەبن بەئەندامی پەرلەمان، بەوردبوونەوە لەم دەقە یاسایانە هەڵنەبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان کارێکە پێچەوانەی یاسا بەرکارەکانە، چونکە خولی یاسادانان دەستیپێکردوە، پەرلەمانتاردان سوێندیان خواردوەو بونەتە پەرلەمانتارو مافەکانیان دەستەبەربوە، نزیکە شه‌ش مانگ لەتەمەنی خولی شەشەمدا تێپەڕیوە، ئەگەر بیانوو ئەوەبێت کە ئاسایی‌و یاساییە سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵنەبژێردرێت، چونکە بڕگەیەکی یاسایی‌و دەستوری نییە ڕێگربێت لەم بەناو حیلە یاساییە بەگەڕانەوە بۆ یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان‌و دەستوری کۆماری عێراق ساڵی 2005 دەتوانیین بڵێن ئەوەی لەپەرلەمانی کوردستان ڕوو دەدات کارێکە پێچەوانەی مادەی (51)ى یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و یاسای سەرۆکایەتی هەرێمە، هەروەها ئەم پەکخستنەی کاری پەرلەمان پێچەوانەو ناکۆکە لەگەڵ حوکمەکانی مادەی (5، 6، 13، 20، 56، 117و 141)ى دەستوری هەمیشەیی عێراقە.

سەرەڕای ئەوەی کاری پەرلەمان پەکی کەوتەوە، بەپێی یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (1) ی ساڵی 2019 ماوەی یاسایی‌و کاربەڕێکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش تەواو بوە، لەبڕگەی یەکەمی مادەی (5) یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ماوەی تەمەنی سەرۆکایەتی هەرێم بەندە بەخولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەئێستاشدا هەڵبژاردن کراوە ئەنجامەکان پەسەندکراون، پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خواردوە، کەواتە ئەگەر بپرسین ئایا کاری سەرۆکی هەرێم تەواوبوە، تەنها پرسیارێکە؟ ئایا دەکرێت بەبڕگەی دوەمی هەمان مادە خۆمان لەو بەرپرسیاریتیە بشارینەوە.

بەپێی کاتبەندی کارنامەی هەر خولێکی پەرلەمان، دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران‌و دەستپێکی خولی نوێی یاسادانان دەبێت لەماوەی (30) ڕۆژ لەدەستبەکاربونی پەرلەمان‌و یەکەم کۆبونەوەی دەبێت سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرێت بۆ ئەوەی دوای هەڵبژاردنی هەستیت بەڕاسپاردنی کوتلەی پەرلەمانی بەپێکهێنانی کابینەی نوێ، لەئەگەری سەرنەکەوتنی لەپێکهێنانی کابینە بۆی هەیە پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، بۆیە ئەو سکاڵایانەی لەلایەن (چەند پەرلەمانتارێک) تۆمارکراوەن بەژمارە (88و 91) ئیتحادیە 2025 لەدادگای فیدراڵی لەسەر سەرۆکی هەرێم، کارێکی یاسایی دروستە کە لەبەرامبەر سەرپێچی بنەماکانی یاساو دەستور پەنا بۆ دادگا ببرێت، لەلایەکی تر کارەساتە بۆ ئەم ئەزمونە چ ڕەوایەکە دەستورمان نەبێت‌و هەر بەڕێگه‌ی بەغداوەبین سکاڵا لەسەر خۆمان تۆماربکەین‌و پەند لەڕابردوو وەرنەگرین، ئەگەر هەرێم بۆ پاساوەکانی بگەڕێتەوە بۆ هەر دوو بڕیاری دادگای فیدراڵی بەژمارە (24 ئیتحادیە) لە 2022و بڕیاری دادگای فیدراڵی بەژمارە (322 ئیتحادیە) لە2023 خۆدزینەوەیە لەپەڕپرسیاریەتی یاسایی‌و ئەو سوێندەی پەرلەمانتارانی کوردستان خواردویانە وەک لەمادەی (47)ى یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا هاتوە (بەخوای گەورە سوێند دەخۆم کە پارێزگاری یەکێتی گەل‌و خاکی کوردستان-عێراق‌و بەرژەوەندییە باڵاکانی بکەم) هەروەها مادەی (12) پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانتاران سوێنددەخۆن‌و بەپێی مادەی (13) پەیرەی ناوخۆ بەپەرلەمانتاری دەستبەکاربوو هەژماردەکرێن، لەمادەی (11)دا پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەن لەیەکەم کۆبونەوەى پەرلەمان هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی‌و سوێندخواردنی تێدادەکرێت، دەکرێت لێرەدا پشت بەبنەمایەکی یاسایی ببەستین کە جەختدەکاتەوە لە  (لا مساغ للاجتهاد فی مورد النص) بۆیە ئەم دۆخە هیچ پاساوێک و ڕاڤەیەک و ئیجتهادێک قبوڵ ناکات
لەهەمان کاتدا نەبوونی ماددەیەکی یاسایی کە ئاماژە بەو دۆخە بکات کە پەرلەمانی تێکەوتووە بە مانای پێدانەی ڕەوایەتی و شەرعیەت دان نییە بەم پێشەڵکاریە یاسایی و دەستوورییە، ناکرێت پەرلەمان دەست بەکار بێت و خولی یاسای دانان دەستی پێکردبێت ڕێگای لەئەرکی پەرلەمان بگیرێت بۆ تەواوکردنی کارنامەی کارە لەپێشینەکانی، لەڕەوایەتیدان بەسەرۆکی هەرێمی کوردستان‌و متمانەدان بەسەرۆک وەزیران‌و کابینەو کارنامەکەی، باشتروایە پێش وادەی دابینی لەلایەن دادگای فیدراڵی پەرلەمان بەئەرک‌و بەرپرسیاریەتی خۆی هەستێت، لەکۆتاییدا دوای شه‌ش مانگ، کە دەکاتە 180 ڕۆژ پەرلەمانێکی سوێندخواردوو، بەڵام بێ سەرۆکمان هەیە.

لەڕوی سیاسیشەوە کارێکە پێچەوانەی بەرژەوەندیە باڵاکانی گەلی کوردستانەو ئەزمونی هەرێمی کوردستانە، داواکاری دۆستانی گەلەکەمان لەم بارودۆخە تەبایی‌و یەک گوتاری ناو ماڵی کوردە، موچەخۆرانی هەرێم نانبڕاو کراون، مادەی 140 جێبەجێنەکراوە، یاسای نەوت‌و گاز، یاسای دادگای فیدڕاڵی، یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی، یاسای پاراستنی مافی هەرێمەکان‌و پەسەندکردنی دەستوری هەرێم، هەموو ئەو ئەرکانە بەیەکڕیزیی‌و هەماهەنگی‌و پەرلەمانێکی بەهێزو حکومەتێکی بەهێز دەکرێن، بۆیە ئەرکی حزبە براوەکانە ئەو زەمینەیە بڕەخەسێنن، نەدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەپێش جەژنی قوربان پەیامێکی ڕونی برا چاو ڕەشەکانە بۆ گەلی کوردستان، پەیام لەوە ڕونترو ڕاشکاوتر؟.

نوسەرو یاسایی سلێمان مستەفا حەسەن