شارپرێس:
ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، پێشنیازەکەی ئەمریکا لەبارەی پرسی ئەتۆمی لە 100% دژی دروشمی "ئێمە دەتوانین"ە، هەروەها سەربەخۆیی نیشتمانی بەو مانایە دێت کە وڵاتەکەمان چاوەڕوانی گڵۆپی سەوزو سوری ئەمریکاو هاوشێوەکانی نەکات.
عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لەساڵیادی کۆچی دوایی خومەینی کە باڵیۆزی وڵاتان لەتارانو زۆرێک لەهاوڵاتیان تێیدا ئامادەبون ڕایگەیاند، "سیستەمی سیاسیی ئێمە گەشەیکردوەو هێزی پەیداکردوە، ئەمەش دەرئەنجامی شۆڕشێکی گەورەیە".
عەلی خامنەیی سەبارەت بەپرسی ئەتۆمی وڵاتەکەی وتی:"پێشنیازەکەی ئەمریکا لەبارەی پرسی ئەتۆمی لە 100% دژی دروشمی ئێمە دەتوانینە".
ڕێبەری باڵای ئێران جەختیشیکردەوە، "سەربەخۆیی نیشتمانی بەو مانایە دێت کە وڵاتەکەمان چاوەڕوانی گڵۆپی سەوزو سوری ئەمریکاو هاوشێوەکانی نەکات".
ڕونیشیکردەوە، "مقاوەمە واتە چۆک دانەنان بۆ ئیرادەی زلهێزەکان، ئەگەر مرۆڤ باوەڕی بەشتێک هەبێت، یان شتێک بەپێویست بزانێت یان شتێک قەدەغە بکات، دەبێت بهگوێرهى بیروباوەڕی خۆی مامەڵە بکاتو کڕنوش بۆ ئیرادەی دوژمن نەبات، بنەمایەکی دیکەی سەربەخۆیی نەتەوەیی بریتییە لەوەی دەسەڵاتی بەرگری وڵات بەرزبکرێتەوە".
عەلی خامنەیی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێران هەوڵی زۆریداوەو توانیویەتی سوتەمەنی ئەتۆمیی هەبێت، پیشەسازیی ئەتۆمی تەنها بۆ وزە نییە، پیشەسازیی ئەتۆمیی پیشەسازییەکی بناغەییە، هەروەها کاریگەریی زۆری لەبوارە زانستییەکاندا هەیە، پیتاندنی یۆرانیۆم کلیلی پرسی ئەتۆمییەو نەیارانیش دەستیان خستوهتەسەر بابەتی پیتاندنی یۆرانیۆمو نایانەوێت ئێران توانای پیتاندنی هەبێت".
خامنەیی بۆ ئەمریکا جهختیكردهوه، "ئێوە کێن تا بەتاران بڵێن، ئاخۆ دەتوانێت بەرنامەی ئەتۆمی هەبێت یان نا؟".
