شارپرێس:
دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەقوڵایی خاکی ڕوسیادا زیاتر لە40 فڕۆکەی هێزەکانی ڕوسیایان تێکشکاندوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا، هێرشەکە لەژێرناوی (تۆڕی جاڵجاڵۆکە) جێبەجێکراوەو پلانەکەشی زۆر بەوردیو زیاتر لەیەک ساڵو نیوی خایاندوە، ڕاستەوخۆ لەلایەن ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیاوە سەرپەرشتیکراوەو لەهێرشەکەدا 117 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەشدارییانکردوە.
دوای هێرشەکە، زێلێنسکی لەوتارێکدا کە لەمیدیاکانی ئۆکرانیا بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند، "هێرشەکە لەنزیک بارەگای ئاسایشی فیدراڵیی سیبیریا، واتە دەزگای هەواڵگرییو ئاسایشی ڕوسیا جێبەجێکراوە".
سەرچاوە سەربازییەکانی ئۆکرانیاش بڵاویانکردوەتەوە، "سەرەتا فڕۆکەکانمان بەنهێنی لەخانوی داریندا شاردوەتەوەو بەبارهەڵگری گەورە گەیاندومانەتە نزیک بنکەی ئاسمانیی بیلایا لەناوچەی ئێرکوتسک لەسیبیریا، پاشان سەربانی خانوەکان کراونەتەوەو درۆنەکانیان لێوە فڕیونو ئۆپەراسیۆنەکانیان بەسەرکەوتویی ئەنجامداوە".
لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەر بەمیدیای ڕوسیا، گرتە ڤیدیۆییەک بڵاوکراوەتەوە دەردەکەوێت، چۆن درۆنەکان لەناو خانوە دارینەکانی سەر بارهەڵگرێکەوە دەردەچن، لەهەمانکاتدا چەند کەسێک سەردەکەونەسەر بارهەڵگرەکەو هەوڵی ڕێگریی لەفڕینی درۆنەکان دەدەن.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا 41 فڕۆکەی سەربازیی ڕوسیایان لەناوچەی ئێرکوتسک پێکاوە، بەمەش لە34%ى فڕۆکە موشەکهەڵگرە ڕوسییەکانیان تێکشکاندوە، لەوانە فڕۆکەکانی جۆر A50و Tu95 Tu22M.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان فڕۆکەکانی جۆری Tu95و Tu22M فڕۆکەی بۆمبهاوێژی دورمەودانو پێشتر لەلایەن ڕوسیاوە چەندینجار بۆ هێرشکردنەسەر قوڵایی خاکی ئۆکرانیا بەکارهێنراون.
بهگوێرهى دوا هەواڵی ڕاگەیەنراو لەلایەن میدیاکانی ئۆکرانیاوە، ئەو هەڵمەتە زیانی نزیکەی حهوت ملیار دۆلاری بەڕوسیا گەیاندوە.
ڕوسیا، هەواڵی هێرشەکەی ئۆکرانیای پشتڕاستکردوەتەوەو وەک وەڵامدانەوەیەک، چەند کاتژمێر پێش دەستپێکردنی گەڕێکی دیکەی گفتۆگۆی ئاشتیی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا لەئهستهنبوڵ، بەموشەکو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیکردوەتەسەر ئۆکرانیا.
