له‌هه‌رێم لێکۆڵینەوە لەگەڵ ژمارەیەک پزیشک ده‌كرێت به‌گومانى بازرگانیی بەجەستەی مرۆڤەوه‌

کوردستان

02/06/2025‌ 8256 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەری ڕوبەڕوبونەوەی تاوانە ڕێكخراوەكانی سەر بەوەزارەتی ناوخۆ ئاشكرایده‌كات، "ناوی 90 كۆمپانیا تۆماركراون كە لەبازرگانیكردن بەمرۆڤ‌و ئەندامەكانی جەستەی مرۆڤەوە تێوەگلاون"، ده‌شڵێت:"له‌هه‌رێم لێکۆڵینەوە لەگەڵ ژمارەیەک پزیشک كراوه به‌گومانى بازرگانیی بەجەستەی مرۆڤەوه‌".


دارا فاروق بەڕێوەبەری ڕوبەڕوبونەوەی تاوانە ڕێكخراوەكانی سەر بەوەزارەتی ناوخۆی حكومه‌تى هەرێم ئاشكرایكرد، "لەساڵی 2018وە ناوی 90 كۆمپانیا تۆماركراون كە لەبازرگانیكردن بەمرۆڤ‌و ئەندامەكانی جەستەی مرۆڤەوە تێوەگلاون".

وتیشى:"حكومەتی هه‌رێمیش بەڕێوەبەرایەتییەكی تایبەتی بۆ بەرەنگاربونەوەی بازرگانیكردن بەمرۆڤەوە دامەزراندوە، هەشت نوسینگەی لەناوچە جیاوازەكان هەیە، ئەمجۆرە تاوانە فۆڕمێكی نوێی هەیەو ئاڵۆزە، پێویستی بەكەسانی پسپۆڕو كارامە هەیە لەو بوارەدا، بۆ ئه‌و مەبەستەش بەڕێوبەرایەتییەكەمان خولی مەشق‌و ڕاهێنان‌و وانەی تایبەت لەبارەی ئەوجۆرە بازرگانییەوە پێشكەشدەكات".

به‌وته‌ى دارا فاروق، "زۆربەی تاوانەكانی بازرگانیكردن بەمرۆڤ لەڕێگەی كۆمپانیا وەهمییەكانەوە ئەنجامدەدرێن، زۆربەی قوربانییەكانیش ئەوانەن كە بەڵێنی كاركردنیان پێدەدرێت لەوڵاتانی كەنداوو لەئەوروپا".

ئاشكراشیكردوە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ ژمارەیەک پزیشک کراوە لەسەر بازرگانیی بەجەستەی مرۆڤەوە.

ش ـ هـ