ئەمریکا ڕەزامەندیدا زیاتر لەسێ هەزار چەکداری تووندڕەو تێکەڵی سوپای سوریا بکرێن

جیهان

02/06/2025‌ 932 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
تۆماس باراک، نێردەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سوریا ڕایگەیاند، ئەمریکا ڕازی بووە بە پلانێک کە سەرکردایەتی نوێی سوریا پێشنیاری کردووە بۆ ئەوەی ڕێگە بە هەزاران چەکداری بیانی کە پێشتر بەشێک بوون لە ئۆپۆزسیۆن بچنە ناو سوپای نوێی نیشتمانییەوە، بە مەرجێک شەفافانە ئەنجام بدرێت.

سێ بەرپرسی بەرگری سوریا ڕایانگەیاندووە، پلانەکە داوا دەکات نزیکەی سێ هەزار و 500 چەکداری بیانی کە زۆربەیان ئیگوری چینین و ئەوانەی لە وڵاتانی دراوسێیەوە هاتوون، پەیوەندی بە یەکەیەکی تازە پێکهێنراوەوە بکەن کە فیرقەی 84ی سوپای سوریایە، کە هاوکات سورییەکانیش لەخۆدەگرێت.

لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز  سەبارەت بەوەی کە ئایا واشنتۆن ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر تێکەڵکردنی چەکدارانی بیانی بە سوپای نوێی سوریا، باراک وتی "پێموایە لێکتێگەیشتن و شەفافیەت هەیە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، باشترە ئەو چەکدارانە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی دەوڵەتیدا بمێننەوە نەک بەدەرکردنیان، بەشێکی زۆریان بە "زۆر دڵسۆز" بۆ ئیدارەی نوێی سوریا وەسفکردووه.

چارەنووسی ئەو بیانیانەی کە پەیوەندییان بە هەتەشەوە کردووە لە ماوەی شەڕی ١٣ ساڵەی ئۆپۆزسیۆن و بەشار ئەسەد، یەکێک بووە لەو پرسە ئاڵۆزەکان کە بووەتە ڕێگر لە نزیکبوونەوەی دیمەشق لە ڕۆژئاوا، لەو کاتەوەی ساڵی ڕابردوو ئەو گرووپە کە سەر بە ڕێکخراوی قاعیدە بوو، ئەسەدی ڕووخاند و دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت.
ئ.ه