شارپرێس:
ئەمڕۆ دووشەممە نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، بە یاوەری عەبدوڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکەپە و جێگرەکەی لەیلا ئوستا، سەردانی فراکسیۆنی دەم پارتیان کرد و لەلایەن تولای حاتیمۆغولاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی گشتیی و گوڵستان کلچ کۆچیگیت و سەزای تەمەلی، هاوسەرۆکانی فراکسیۆنی دەم پارتی پێشوازییان لێکرا.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، تولای حاتیمۆغولاری، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی ڕایگەیاند "ئەم پرۆسەی کە تێیداین، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک و ڕووداوەکانی دواتر ئەرک و بەرپرسیارێتی گەورە بە پرۆسەکە دەدات، ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان ئەم بابەتانەمان هەڵسەنگاند. بە دەرفەتمان زانی کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتانە و بونیادنانی پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتیککردنی تورکیادا بە فراوانی هەڵسەنگاندن لەسەر ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی پەرلەمان بکەین، سەرۆکی پەرلەمان پێی ڕاگەیاندین ئەو کۆمسیۆنەی کە باخچەلی باسی کردبوو و لەو باوەڕەداین کە بەشدارییەکی گەورە لە پرۆسەی چارەسەرییدا دەکات، دەست بەکارەکانی دەکات، ئێمە سەردانەکەیان بەرز دەنرخێنین و سوپاسیان دەکەین، هیوای سەرکەوتن بۆ داهاتووەش دەخوازین."
هاوکات سەرۆکی پەرلەمانی توورکیا ڕایگەیاند، گفتوگۆیان لەسەر بەرپرسیارێتییەکانی پەرلەمان بۆ دڵنیاییکردنەوەی یەکێتی و هاوپشتگیریی و پێشخستنی پێوەرە دیموکراتیکەکانی تورکیا کردووە.
دەشڵێت، "دوای پەیامەکەی ئیمراڵی و بڕیاری چەکدانان، بابەتەکە گەیشتە پەرلەمان کە ناوەندی ئیرادەی نەتەوەییە و دڵی دیموکراسیی تورکیایە گفتوگۆی لەسەر بکات، لەو باوەڕەداین، کە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان بە شێوەیەکی بونیادنەرانە سوود لەم دەرفەتە مێژوویە وەربگرن تاکو ئەم پرۆسە بە خێرایی کۆتایی پێبهێندرێت و لە تورکیادا ئەجێندایەکی نوێ دەستپێبکرێت، هیوادارم ئەو کۆمیسیۆنەی کە لە ڕۆژانی داهاتوودا لە پەرلەماندا بونیاد دەنرێت، بە شێوەیەکی باش کاربکات، سەبارەت بە چۆنییەتی بونیادنانی کۆمیسیۆن و کەڵک لە چی ڕێگایەکی کارکردن وەردەگرێت، ئێمە ئامادەکاریی سەرەتایی دەکەین."
ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوەهات دەم پارتی ڕایگەیاند لەپرۆژەی هەمواری یاسای زیندانییان ئاکپارتی ڕەچاوی داواکاری ئەوانی نەکردووە و دەوڵەت هەنگاوی ئەرێنی بۆ پرۆسەکە نەهاویشتووە.
ئ.ه
