شارپرێس:
سەرچاوەیەکی دانوستانکاری شاندی ئیدارەی خۆسەری باکوورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕۆژی یەکشەممە بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند لەیەکەمین کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی سوریا لە دیمەشق باس لە پرسی پەروەردە کرا.
ئەو سەرچاوەیە وتی، "کۆبوونەوەی ڕۆژی یەکەم بە ڕێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی دوو لیژنە لە هەردوولا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی لە ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر کۆتایی هات".
ڕوونیشیکردەوە، "هەردوولا باسیان لە پرسی پەروەردە و ڕێگاکانی چارەسەرکردنی کێشەی تاقیکردنەوەکان کرد بەگوێرەی پرۆگرامی خوێندنی حکومەتی سوریا.
ڕۆژی شەممە شاندێکی ئیدارەی خۆسەر گەیشتە دیمەشق بۆ دیدار لەگەڵ شاندێکی حکومەتی سوریا بۆ تاوتوێکردنی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەنجامدراوە.
لای خۆیەوە وتەبێژی شاندی ئیدارەی خۆسەر لە هەژماری خۆی لە ئێکس ڕایگەیاندووە، "خولی یەکەمی دانوستان لەگەڵ شاندی حکومەتی سوریا دۆستانە و ئەرێنی بووە، لەسەر بنەمای بنیاتنانی لێکتێگەیشتن".
ئ.ه