لە شەش مانگی رابردوودا لە ئێران ٦١٧ بەندكراو لەسێدارە دراون

کوردستان

15 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 163 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

 لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ تا ئێستا، لانی كەم سزای سێدارەی ٦١٧ بەندكراو لە بەندیخانەكانی ئێران جێبەجێ كراوە كە ناسنامەی ٥٩٨ كەس لەوان ئاشكراكراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو لانی كەم ٤١ بەندكراو بە نهێنی و بە بێ مافی دوایین چاوپێكەوتن لەگەڵ كەس و كاری خۆیان لە سێدارە دراون و تەنیا ٣٨ حاڵەتیان  لە میدیا حكوومییەكان ڕاگەیەندراوە.

لە نێوان لەسێدارەدراوەكان، ٢٦ كەس بە تۆمەتی چالاكیی سیاسی، مەزهەبی یا بەشداری لە خۆپیشاندانەكانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لەسێدارە دراون. ئەم ئامارە دوو هێندەی ئاماری گشتی بەندكراوانی سیاسی و مەزهەبی لە ١٢ مانگی ساڵی ٢٠٢٤ە.

هەروەها سزای سێدارەی لانی كەم ١٨ ژن و منداڵێكی تۆمەتبار لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو لە ئێران جێبەجێ كراوە.

 هەروەها لانی كەم ٧٩ بەندكراوی بەلووچ، ٧٦ بەندكراوی لوڕ، ٦٥ بەندكراوی تورك، ٢٦ بەندكراوی گیلەك، ١٤ بەندكراوی عەرەب، ٧ بەندكراوی توركەمەن، ٢ بەندكراوی سیستانی و ٢ بەندكراوی تات لە سێدارە دراون. ١٥٩ كەس لە بەندكراوانی لەسێدارەدراو فارس و لە ناسنامەی ئێتنیكی ٥٦ حاڵەت كە زانیارییەكی ورد لەبەر دەستدا نییە. هەروەها لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ لانی كەم ٤٠ بەندكراوی خەڵكی وڵاتی ئەفغانستان لە ئێران لەسێدارە دراون.
ئ.ه