حەماس دواین وادە بۆ خۆرادەستكردنی یاسر ئەبو شەباب دیاری دەكات

جیهان

18 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2836 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
وەزارەتی ناوخۆ لە غەززە سەر بە حەماس ڕۆژی چوارشەممە دواین وادەی بە ئەبو شەباب سەرۆكی گروپێك چەكداری سەر بەهۆزی بەدەوی دژ بە دەسەڵاتی بزووتنەوەكە داوە بۆ ئەوەی خۆی ڕادەست بكات و دادگایی بكرێت و بە خیانەت و سیخوڕی تۆمەتباری دەكات.

 وەزارەتەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا  ئاماژە بەوەدەكات، ئەو بڕیارە لەلایەن "دادگای شۆڕش"وە دراوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، یاسر ئەبو شەباب كە دان بە دەسەڵاتی حەماسدا نانێت و تۆمەتباری دەكات بە زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەكانی غەززە، 10 ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی خۆی ڕادەست بكات.

دادگاكە داوای لە فەلەستینییەكان كردووە كە بەرپرسانی ئەمنی بزووتنەوەی حەماس لە شوێنی ئەبو شەباب ئاگادار بكەنەوە، لەكاتێكدا تا ئێستا ئەبوشەباب لە ناوچەی ڕەفەح لە باشووری كەرتی غەززەى ژێر كۆنترۆڵی ئیسرائیلدایە.

حەماس ئەبو شەباب تۆمەتبار دەكات بە تاڵانكردنی بارهەڵگرەكانی هاوكاری نەتەوە یەكگرتووەكان و دەڵێت لەلایەن ئیسرائیلەوە پاڵپشتی دەكرێت.
ئ.ه