شارپرێس:
بەنزیکەی 10.5٪ی دانیشتووانی پێگەیشتووی جیهان بەدەست نەخۆشیی شەکرەوە دەناڵێنن، زۆرجار فۆکەسی توشبوان بەم نەخۆشییە دەخرێتە سەر ئەو خواردنانەی کە نابێت بیانخۆن؛ بۆ ئەوەی ڕێگری لە بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری خوێن بکەن.
بەڵام بهگوێرهى ڕاپۆرتێک کە لەماڵپەڕی «ڤێری وێڵ هێڵس» بڵاویکردۆتەوە، پسپۆران ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە جیاتی ئەوەی نەخۆشانی شەکرە تەنها سەرنجیان لەسەر ئەوە بێت کە ناتوانن چی بخۆن، پێویستە گرنگی بەوە بدەن کە هەندێک خواردن بخەنە ناو بەرنامەی خۆراکیانەوە کە پشتگیری لە جێگیربوونی ئاستی شەکری خوێن دەکەن و هەستیاریی ئینسۆلین باشتر دەکەن.
لە نێو ئەو خواردنانەدا:
سەوزەواتی نانیشاستەیی (نیشاستە کەم)، سەوزە گەڵادارەکان، برۆکلی، بیبەر، قەڕنابیت، کووسا، تەماتە، پیاز، و هتد... هەموویان کاربۆهیدرات و کالۆرییان کەمە، و دەوڵەمەندن بە ڕیشاڵ، ڤیتامین و کانزاکان، هەستی تێربوون بەمرۆڤ دەبەخشن بەبێ بەرزبوونەوەیەکی خێرای ئاستی گلوکۆز (شەکر).
دانەوێڵەی تەواو
دانەوێڵە تەواوەکان، وەک جۆ و کینوا و جۆ و برنجی قاوەیی، ڤیتامین و کانزاکانیان تێدایە، جگە لە ڕیشاڵەکان، کە یارمەتی هێواشکردنەوەی پڕۆسەی هەرسکردن و ڕێکخستنی ئاستی شەکری خوێن دەدەن.
پاقلەمەنییەکان
پاقلەمەنییەکان؛ لەوانە فاسۆلیا، نیسک، نۆک و پاقلە، دەوڵەمەندن بە پرۆتینی ڕووەکی و ڕیشاڵ؛ کە یارمەتی هێواشکردنەوەی مژینی گلوکۆز و پشتگیریکردنی تەندروستی ڕیخۆڵەکان دەدەن.
چەرەساتو تۆوەکان
چەرەساتو تۆوەکان، بەتایبەتی بادەم، گوێز، تۆوی کەتان و تۆوی چیا، سەرچاوەی دەوڵەمەندن بە چەوری تەندروست، پرۆتینی ڕووەکی و ڕیشاڵەکان.
بەبەڵگەوە ئاماژە بەوەدەکرێت، چەرەساتەکان لەوانەیە یارمەتی جێگیرکردنی ئاستی شەکری خوێن و پشتگیریکردنی تەندروستی دڵ بدەن.
ماسی چەور
ماسییە چەورەکان، وەک سەلەموون، ماکەرێل، سەردین و توونە، دەوڵەمەندن بە پرۆتین و ترشە چەورییەکانی "ئۆمێگا 3"، کە بۆ نەخۆشانی دڵ و شەکرە سوودبەخشن.
گۆشتو پەلەوەری کەمچەوری
مریشکی بێ چەرم، قەل و گۆشتی کەمچەوری سەرچاوەی نایابی پرۆتینن. پرۆتین یارمەتی هێواشکردنەوەی بەرزبوونەوەی شەکری خوێن دەدات کاتێک لەگەڵ کاربۆهیدراتەکاندا دەخورێت.
هێلکە
هێلکەش سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی پرۆتینە؛ کە وای لێدەکات ببێتە زیادکراوێکی بەنرخ بۆ ژەمەکان، چونکە یارمەتی زیادکردنی هەستی تێربوون دەدات، و لەوانەیە ئاستی شەکری خوێن ڕێکبخات.
بەرهەمەکانی شیرەمەنی
بەرهەمەکانی شیرەمەنی، لەوانە ماست و شیر، پرۆتین و کالسیۆم و ڤیتامین "D" یان تێدایە؛ کە وای لێدەکات زۆر سوودبەخش بێت بۆ نەخۆشانی شەکرە.
هەندێک میوە
هەڵبژاردنی میوەکان کە خشتەی گلایسێمییان کەمە (کە پێوەرێکە بۆ پۆلێنکردنی خواردنەکان بەپێی خێرایی کاریگەرییان لەسەر شەکری خوێن)، وەک توو، سێو، هەرمێ، گێلاس و مزرەمەنییەکان، دەتوانێت یارمەتی پاراستنی جێگیربوونی ئاستی شەکری خوێن بدات لەگەڵ زیادکردنی جۆراوجۆری و تام بۆ بەرنامەی خۆراکیت.
چەورییە تەندروستەکان
زەیتە ڕووەکییەکان، وەک زەیتی زەیتوون، زەیتی ئەڤۆکادۆ و زەیتی کانۆلا، چەوری ناتێر دابین دەکەن کە لەوانەیە هەستیاریی ئینسۆلین و تەندروستی دڵ باشتر بکەن.
هەندێک بەهارات
هەندێک بەهارات، وەک دارچینی، زەردەچەوە و زەنجەفیل، لەوانەیە یارمەتی باشترکردنی میتابۆلیزمی گلوکۆز و کەمکردنەوەی هەوکردن لە جەستەدا بدەن.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
