زانیاریى گرنگ له‌باره‌ى نوێنه‌ره‌كه‌ى تره‌مپ بۆ عێراق ئاشكراده‌كرێت

عیراق

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3800 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ئه‌وكه‌سه‌ى له‌لایه‌ن دۆناڵد ترەمپ سه‌رۆكى ئه‌مریكاوه‌ وه‌كو نێرده‌ى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق ده‌ستنیشانكراوه‌، یه‌كێكه‌ له‌پسپۆڕه‌كانى بواری چاندنی حەشیش، ڕاپۆرتێكیش ده‌ڵێت، "حەشیش لەعێراق قەدەغەكراوەو سزای بەرهەمهێنان یان بازرگانى پێوەكردنى، دەگاتە لەسێداره‌دان".


دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، بازرگانى ئەمریكى بەڕەچەڵەك عێراقى، مارك ساڤایا-ى وەك نێردەى تایبەت بۆ عێراق دەستنیشانکردوە، ستایشى ڕۆڵى دیارى كرد لەبانگەشەى هەڵبژاردنەکاندا، بەتایبەت لەویلایەتى میشیگان كە تێیدا براوە بوو دواى دەنگدانێكى پێوانەیى لەلایەن ئەمریكییە بەڕەچەڵەك عەرەبەكان.

ماڵپه‌ڕى ئاى 24 ڕاپۆرتێكى له‌باره‌ى ساڤایا بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و زانیاریى هه‌ستیارى له‌باره‌یه‌وه‌ ئاشكراكردوه‌و ده‌ڵێت، "ساڤایا دامەزرێنەرى كۆمپانیاى (لیف ئاند بود)ە كە تایبەتە بەچاندنى گیاى حەشیش لەشوێنە داخراوەكان لەشارى دیترۆیت‌و بەیەكێك لەدیارترین بازرگانەكان لەو سێكتەرەدا دادەندرێت".

ئه‌وه‌شى ڕونكردوه‌ته‌وه‌، "نێرده‌كه‌ى تره‌مپ بۆ عێراق بازرگانێكى گه‌وره‌ى چاندنى حه‌شیشه‌، به‌ڵام حەشیش لەعێراق قەدەغەكراوەو سزای بەرهەمهێنان یان بازرگانى پێوەكردنى، دەگاتە سزاى لەسێداره‌دان".

ساڤایا لەتائیفەی كلدانی عێراقییەو موسڵمان نییە، ترەمپ لەڕێگەى پلاتفۆڕمى "تروس سۆشیاڵ"ەوە وتى، "شارەزایى ساڤایا لەپەیوەندییەكانى عێراق‌و ئەمریكاو پەیوەندییەكانى لەناوچەكەدا، ڕۆڵی دەبێت لەبەهێزكردنى بەرژەوەندییەكانى ئەمریكا".

ئەو دانانە لەچوارچێوەى سیاسەتى ترەمپدا دێت كە پشت بەنێردە تایبەتەكان دەبەستێت كە ڕاستەوخۆ بەڕێنمایی ئەو كاردەكەن، بەبێ پێویستى بەڕەزامەندیى ئەنجومەنى پیران، وەك عەره‌ب غالب باڵیۆزى پێشنیازكراو بۆ كوه‌یت، كە دانانەكەى هێشتا لەژێر پێداچونەوەدایە بەهۆى لێدوانەكانى سەبارەت بەئیسرائیل.

لاى خۆیشیه‌وه‌ ساڤایا لەڕێگەى پلاتفۆرمى "ئێكس"ەوە نوسىویەتی، "پابەندە بەبەهێزكردنى هاوبەشى نێوان واشنتۆن‌و بەغدا بەسەرۆكایەتى‌و ڕێنمایی سەرۆك ترەمپ".

ترەمپ پۆستێکی دیکەی حکومیی بەخشییە بازرگان‌و یەکێک لەلایەنگرە سەرسەختەکانی خۆی، بەڵام ئەمجارەیان کەسایەتییەکە کە لەدەرەوەی بازنەی خۆیەتی‌و بەڕەچەڵەک خەڵکی عێراقەو کلدانییە، ئەوکەسەش مارک ساڤایا-یە کە بازرگانێکی دیاری بواری مادەی هۆشبەری جۆری (ماریوانا ـ حه‌شیش)ە، لەو مادەیەش دەرمانی پزیشکی بەرهەمدەهێنێت، ساڤایا دەبێتە نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق.