شارپرێس:
دیپلۆماتکارێکی پێشوی ئەمریکا پهیامێك ئاراستهى حكومهتى ئهنكهره دهكاتو ڕایدهگهیهنێت، "بەرهەمهێنانی بزوێنەری فڕۆکەی شەبەح لەلایەن تورکیاوە تەنها خەیاڵەو ههرگیز ئهوه ڕوو نادات"، دهشڵێت:"ئهوهى فیدان باسیكردوه، لەوانەیە پەیوەندیی بەسیاسەتی ناوخۆی تورکیاوە هەبێت یان پەیامێک بێت بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا".
ماسیو برایزا دیپلۆماتکاری پێشوی ئەمریکی سەرسوڕمانی خۆی لەلێدوانی بەرپرسانی تورکیا بۆ پەرەپێدانی بزوێنەری تایبەت بە فڕۆکەی جەنگیی نەوەی پێنجەم دەربڕیوەو ڕایگەیاندوە، ئەوەی تورکیا باسی دەکات تەنها خەیاڵێكهو هیچى تر.
لهچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی T24، برایزا ئاماژەی بەلێدوانی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کردوە کە ڕایگەیاندبوو، تورکیا لەداهاتویەکی نزیکدا بزوێنەری فڕۆکە جەنگییەکەی بەرهەمدەهێنێتو پشت بەبزوێنەرە ئەمریکییەکان نابەستێت.
برایزا ئەو لێدوانەی بە"خەیاڵ" ناوبردوەو وتویهتى، "دروستکردنی بزوێنەرێکی نەوەی پێنجەمی فڕۆکە جەنگییەکان چەندین دەیە دەخایەنێتو تەنها چەند وڵاتێکی زۆر کەمیش توانای ئەوەیان هەیە".
برایزا سەرسوڕمانی خۆی لەپێداگری تورکیا لەسەر دروستکردنی بزوێنەری ئەو جۆرە فڕۆکەیە دەربڕییو پرسیاری لەسەر هۆکاری لێدوانەکەی فیدان کردوە وتویەتی، "لەوانەیە پەیوەندیی بەسیاسەتی ناوخۆی تورکیاوە هەبێت یان هەوڵێک بێت بۆ ناردنی پەیامێکی دیپلۆماسی بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا، کە بڕیار لەسەر فرۆشتنی بزوێنەری ئەمریکی بەتورکیا دەدات".
