"مردن بە هەزار برین": ئایا ئیسرائیل و ئەمریکا دەتوانن ڕژیمی ئێران بگۆڕن؟

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 144 جار خوێندراوه‌ته‌وه


وەرگێڕان لە فارسییەوە : حەمەدەمین سلێمان
نوسینی: فەرهاد میر محمد سادقی
سەرچاوە:سایتی یۆرۆنیوز


هاوکات لەگەڵ بەردەوامی پێشکەوتنی ئەتۆمیی و بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان لەسەر زیادبوونی بەرهەمهێنانی مووشەکەکان لە ئێران، هەندێک لە بەرپرسانی ئیسرائیل هۆشدارییان داوە کە ئیسرائیل و ئەمریکا پێویستە پێش کۆتایی هاتنی سەرۆکایەتی ترەمپ هەوڵ بۆ گۆڕینی رژێمی ئێران بدەن. بەڵام بە سەرنجدان لە ئەزموونەکانی پێشوو و هەروەها شەڕی ١٢ ڕۆژە، ستراتیژێکی لەو شێوەیە تا چەند واقیع بینانەیە؟

یوناح جێرمی باب، نووسەری کتێبی "تاران بکه ئامانج" و شیکەرەوەی باڵای هەواڵگری لە ڕۆژنامەی ئورشەلیم پۆست کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ کەسایەتییە باڵاکانی هەواڵگری ئیسرائیلدا هەیە، لە وتارێکی ئەم ڕۆژنامەیەدا، توانای ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ گۆڕینی ڕژێمی ئێران و ئەگەری ڕوودانی ئەم کارە پێش کۆتایی هاتنی خولی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٩دا تاوتوێ کردووە .

ئیسرائیل دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی بە بوونی هەڕەشە بۆ سەر خۆی دەزانێت. مووشەکەکانی ئێران سەرەڕای توانای بەرزی بەرگری ئیسرائیل، توانیان لە هەندێک شوێندا بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتە ببڕن و زیان بە ژێرخانی سەربازی، هەواڵگری، زانستی، پیشەسازی و هەروەها باڵەخانەکانی نیشتەجێبوونی ئەو وڵاتە بگەیەنێت. لە لایەکی دیکەوە "نیویۆرک تایمز" لەم دواییەدا لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە کە کارگەکانی پیشەسازیی مووشەکی ئێران "شەو و ڕۆژ کاردەکەن" و تاران خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی "لە یەک کاتدا دوو هەزار مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل بکات" لە ئەگەری ڕوودانی دووبارە ڕووبەڕوو بوونەوەدا .

بە گوتەی یوناح جێرمی باب، ڕاستە کە ئیسرائیل دەبێت بە دوای ڕێگای جۆرەو جۆرەوە بێت بۆ ڕێگریکردن لە دەستگەیشتنی کۆماری ئیسلامی ئێران بە چەکی ئەتۆمی و هەروەها ڕێگریکردن لە بنیاتنانەوەی جبەخانە مووشەکییەکانی بالیستیی ئێران، بەڵام ستراتیژییەکانی حکومەتی ئیسرائیل بۆ دەستگەیشتن بەم کارە دەبێت واقیعبینانە بن.
بەڕێز باب نووسیویەتی: بەکورتی بڵێم، ئەگەری ئەوەی کە ئیسرائیل و ئەمریکا بتوانن تا ساڵی ٢٠٢٩ ببنە هۆی گۆڕینی ڕژێم لە ئێران یان کۆنترۆڵی گۆڕانکاریێکی لەو شێوە بکەن، زۆر نادیارە .
ئەو ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد : بێگومان لەوانەیە دەرفەتە ناوخۆییەکان بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە بێتە پێشەوە. بۆ نموونە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران تەمەنی 86 ساڵە و لەم ساڵانەی دواییدا چەندین جار بەدەست نەخۆشییەوە ناڵاندویێتی. ئەگەر و کاتێک بمرێت، لە ئەگەری کە لەنێو لایەنە ڕکابەرەکانی لە سەر ئەوەی کە کێ کۆنتڕۆڵی تاران دەکات کێشەکێشێکی دوور و درێژ سەهەڵدات، ئیسرائیل و ئەمریکا و ڕۆژئاوا لەوانەیە بتوانن بە لێهاتوویی و بە نەرمی و کەمێک بەختەوە لە وەها دەرفەتێک بۆ یارمەتیدان بۆ بەدیهێنانی گۆڕینی ڕژێم کەڵک وەرگرن .

توانای سنوورداری ئیسرائیل، ئەمریکا و ڕۆژئاوا بۆ کاریگەری لەسەر گۆڕینی ڕژێم لە ئێران

بە بڕوای ئەو شڕۆڤەکارە، توانای ئیسرائیل، ئەمریکا و تەنانەت وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەتەنیا  بۆ کاریگەری لەسەر گۆڕینی ڕژێم لە ئێراندا سنوردارە. ئەو بابەتە هۆکاری زۆر هەیە .
یەکەم ئەوەی کە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی 1991، سەرکردەکانی ئێران بۆیان دەرکەوت کە ناتوانن بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ئێرانی پشت بە سەربازانی پرۆفیشناڵ ببەستن. چونکە سەربازە پیشەییەکان دەیانەوێت تەنها تەقە لە دوژمنە بیانییەکان بکەن، نەک هاووڵاتییانی خۆیان .
لە ئەنجامدا حکومەتی ئێران پێویستی بە هێزێکی تایبەت و جیاواز هەبوو کە ئامادەبێت خەڵکی خۆی بکوژێت یان بریندار بکات و لەبەر هەمان هۆکار هێزی بەسیجی بە نزیکەی دوو ملیۆن کەس له "چەقۆکێش و هەرچیوپەرچی" پێکهێنا .
کۆماری ئیسلامی لە هەنگاوی دواتر لەگەڵ چاودێریکردنی شۆڕشەکانی ئەم دواییە لە ڕۆژهەڵات کە بە کەڵک وەرگرتن لە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕێکخرابوو، تێگەیشت کە چۆن دەبێت ئینتەرنێت کۆنترۆڵ بکرێ و ببڕدرێت .
ڕێژیمی ئێران بە پشت بەستن بە بەسیج و کۆنتڕۆڵکردنی ئینتەرنێت توانی خۆپێشاندانە فراوانەکان لە ساڵانی ٢٠٠٩ (١٣٨٨)، ٢٠١٦ (١٣٩٦)، ٢٠١٩ (١٣٩٨)، ئەیلوولی ٢٠٢٢ تا بەهاری ٢٠٢٣ (ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١) و بەشێک لە ناڕەزایەتییەکان لە ساڵی ٢٠٢٥ (١٤٠٤) سەرکوت بکات .
خاڵی سێیەم ئەوەیە کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێستا زۆر زیاترە لە کۆمەڵێک پیاوی ئاینی کە بە پشت بەستن بە پۆلیسی نهێنی لە دەسەڵاتدا ماونەتەوە. لە دەیان ساڵی ڕابردوودا بەرپرسانی باڵا و بە ئەزموونی سوپای پاسداران زیاتر لە یەک لەسەر سێی ئابووری و زۆر لە پۆستی سیاسی وڵاتیان لە دەست گرتووە .

لابردنی خامنەیی به مانای کۆتایی هاتنی کۆماری ئیسلامی نییه

بە بۆچوونی نووسەر، کوشتن، گرتن، یان بە هەر شێوەیەک نەهێشتنی عەلی خامنەیی یان جێگرتنەوەی ئەو بە تەنیا،  هەتا ڕێژیم لە ڕووخانیش نزیک ناکاتەوە و تەنانەت ڕەنگە سەربکێشێت بۆ یەکگرتنی گەلی ئێران لە دەوری ئاڵادا. ئەوە لە کاتێکدا کە ئەگەر ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بە مردنێکی سروشتی بمرێت، ڕەنگە ئاژاوە و پشێوی سروشتی و کێبڕکێ لە نێوان لایەنە ڕکابەرەکاندا لەخۆوە سەرهەڵبدات .
بۆ نموونە لە ماوەی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بارەگا سەرەکییەکانی سپای پاسداران و بەسیج و زیاتر لە ٣٠ بەرپرسی سەربازی و ئیتلاعاتی ئێرانی تیرۆر کرد و عەلی خامنەیییش خۆی حەشاردابوو. لەو دۆخەدا ڕێژیمی ئێران لە ڕووی فیزیکییەوە لەو دە ساڵانەی دوایدا لە لاوازترین ئاستی خۆیدا بوو. بەو حاڵەوە ئێرانییەکان لە دەوری ئاڵاکەیان یەکگرتوو بوون و هەر بەم هۆیەشەوە ئەگەری بزووتنەوەیەکی ناوخۆیی بۆ ڕووخاندنی ڕژیم زۆر کەم بوو .

هەر لەو ڕووەوە ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست زانیاریی دەستکەوتووە کە ئاماژە بەوە دەکات کە لە ماوەی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا، ئایال زەمیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل و فەرماندە باڵاکانی سوپای ئیسرائیل بە ڕاشکاوی دژی کوشتنی عەلی خامنەیی بوون و تەنانەت بە جددی ئەو پرسەیان تاوتوێ نەکرد، دەیانویست ئەو شەڕە تەنانەت زووتر لە ١٢ ڕۆژ کۆتایی پێبێت.

بە گوتەی بەڕێز باب، بە سەرنجدان بە بوونی بەسیج و کۆنترۆڵی ڕێژیمی ئێران بەسەر ئینتەرنێت و کاریگەریی سوپا لە هەموو بوارەکانی ئامرازە سیاسی و ئابوورییەکانی ئێران، لە غیابی تێکەڵەیەک لە بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی بەربڵاو و لانیکەم یەک فەرماندەی باڵای سەربازیی ئێران کە بتوانێت هێزەکانی لە پشتی ناڕەزایەتییەکان و دژی بەسیج بە جوڵە بێنێت، ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی قوڕسە وێنا بکرێت .
لەگەڵ ئەوەدا بە گوتەی ئەو شرۆڤەکارە ئەوە مانای ئەوە نیە کە ئیسرائیل و ئەمریکا دەبێت دەستەوەستان دابنیشن .

ستراتیژی "مردن بە هەزار برین".

لە ماوەی خولی نەفتالی بێنت وەک سەرۆکوەزیران، حکومەت و سوپای ئیسرائیل و مۆساد ئۆپەراسیۆنێکیان لە دەیان مەیداندا ئەنجامدا، کە بە شێوەیەکی نافەرمی بە "مەرگ بە هەزار برین" ناو دەبرێت. ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنە ئەوە بوو کە بە بەکارهێنانی بەشێک لەهەمان ئەو شێوازە درێژ خایانانەی کە ئەمریکا له کاتی ڕابردوودا بۆ تێکشاندنی یەکێتیی سۆڤیەت بەکاری هێنا، ئێران لاواز بکات .

بەڵام پلانەکەی بەڕێز بێنت دیدگایەکی درێژخایەنی هەبوو، کە لە کۆمەڵێک بواری فراواندا، نەک تەنها لە گۆڕەپانی سەربازیدا، لە ماوەی ساڵان و دەیان ساڵدا جێبەجێ بکرێت.  به پێی ئه م پلانه نەک تەنها عەلی خامنەیی، به ڵکوو تەواوی سوپای پاسداران به هەموو پێکهاتەکانیەوه دەبێت لاواز بکرێت و جێی خۆیان بدەنەوە بە هێزه ڕەسەن و سرووشتییەکانی دیکەی ئێران، تا ئەو کاتە ڕووخانی ڕژیم به واتای لابردنی هەموو ئەو بەشانەی بە توندی دژی ئیسڕائیل و دژی ڕۆژئاوان، مومکین بێت .

تێپەڕاندنی پرۆسەیەکی لەم شێوەیە لەوانەیە زۆر زیاتر لە ساڵی 2029 بخایەنێت. دوای ئەوەی حافز ئەسەد لە ساڵی ٢٠٠٠ دەسەڵاتی ڕادەستی کوڕە بێ ئەزموونەکەی بەشار ئەسەد کرد کە پزیشکی چاو بوو، زۆر کەس پێیانوابوو ڕژێمی سوریا بە شەوێک دەڕوخێت، بەڵام، بە هۆکاری جیاواز، بەشار ئەسەد تا ساڵی ٢٠٢٤ بەردەوام بوو .
لە بەرانبەردا، کاتێک ساڵی ٢٠٢٤ ڕووخا، ڕژێمی سوریا پێشتر بە "مردن بە هەزار برین" داڕزا بوو و بە زەحمەت توانی بەرگری لەخۆی بکات.

لەبەرانبەر ئەوەدا، بە گوتەی نوسەر، ئیسرائیل دەتوانێت هاوکات هەم مەترسییە کورت مەوداکان لەپێش چاو بگرێت و لەسەر ڕێگریی کردن لە هەڕەشەکانی چەکە ناوەکیی و موشەکە بالستییەکانی ئێرانیش جەخت بکات و هەم ئامانجە درێژ خایەنەکان، واتا گێڕانەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئێران بۆ سەردەمی هاوکارییە بەهێزەکانی پێش ١٩٧٩ (شۆڕشی١٣٥٧) یان لایەنی کەم بۆ سەردەمێک چارەسەر کردنی هەڕەشەی بەردەوام لەبەرچاو بگیرێت .

بەپەلە