میلیشیا چەکدارییەکان دیدگای خۆیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو ئاشکرادەکەن

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3115 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامە سەرەتایییەکانی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پەرەسەندنە سیاسییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، گروپە چەکدارەکان چونەتە قۆناغێکی هەستیاری دانوستاندنەوە، لەگەڵ گۆڕانکارییەکی ڕون لەنەخشەی هاوپەیمانێتییەکاندا.


به‌گوێۆه‌ى سەرچاوە ئاگاداره‌كان، ئەم گروپانە لەڕۆژانی داهاتودا کۆبونەوەکانیان ئەنجامدەدەن بۆ داڕشتنی دیدگای خۆیان بۆ قۆناغی داهاتوو و دیاریکردنی بنەماکان بۆ گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت.

ئەو سەرچاوانە دەڵێن؛ کارە لەپێشینەکانیان بریتیی دەبێت لەپشتگیریکردن لەپرۆسەی دەرکردنی هێزە بیانییەکان، بەهێزکردنی تواناکانی دامودەزگا ئەمنییەکان، دانانی میکانیزمێکی جددی بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، ئەوە جگە لەپەیڕەوکردنی سیاسەتێکی ئەمنیی سەربەخۆتر دێت.

سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی واشنتۆن لەبارەی زیادبونی نفوزی گروپە چەکدارییە شیعییەکانی نزیک لەئێران لەپەرلەماندا، بەوپێیەی کە هەڵکشانیان کاریگەریی لەسەر ئاراستەکانی سیاسەتەکانی بەغدا لەبارەی بونی سەربازی ئەمریکاو هاوکاری ئەمنی دەبێت، بەڵام ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەژمونە سنوردارەکەی ئەمریکایان نیشانداو هێزە نزیکەکانی سەر بەگروپەکان بونەتە ژمارەیەکی سەرەکی لەگۆڕەپانی سیاسیی نوێدا.

سەرچاوە سیاسییەکان ئاماژە بەلێکچونێکی بۆچون‌و دیدگا دەکەن لەنێوان گروپەکان‌و ژمارەیەک لەهێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، کە ئەگەری پێکهێنانی بەرەەیەکی هاوبەش دەهێنێتە ئاراوە، بەڵام هاوپەیمانێتییەکان لەگەڵ هێزە سوننەو کوردستانییەکان هێشتا یەکلایی نەکراونەتەوە بەهۆی پێویستی بەسازان‌و ڕێککەوتنی نێوان پێکهاتەکان.

هەروەک ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دوپاتیدەکەنەوە، هەڵکشانی هەژمونی ئەم هێزانە ڕەنگە کاریگەریی لەسەر هاوسەنگی پەیوەندی نێوان بەغداو واشنتۆن هەبێت لەسایەی گرژییەکانی ئەمریکاو ئێراندا، کە ڕەنگە دەرفەتەکانی جوڵە بۆ حکومەتی داهاتوو سنوردار بکات.

بەگشتیی، وادیارە قۆناغی داهاتوو شایەتی پرۆسەیەکی دانوستاندنی ئاڵۆز دەبێت کە کاریگەریی فاکتەرە ناوخۆیی‌و هەرێمییەکان لەسەرە، لەکاتێکدا هاوپەیمانێتییە سیاسییەکان وەک خۆیان دەمێننەوەو گۆڕانیان بەسەردادێت بەردەوام لەژێر گوشارو تێگەیشتنەکانی پشتی پەردەوە.