قوبرس هۆشداری دەداتە تورکیا

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 349 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

نیکۆس کریستۆدۆلیدس، سەرۆکی قوبرس، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لە بەرلین دوای وتووێژ لەگەڵ فریدریش مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند، هەڵوێستی تورکیا سەبارەت بە قوبرس بەربەستێکە لە بەردەم خواستەکانمان لە یەکێتی ئەوروپا.

نیکۆس کریستۆدۆلیدس جەختیشی لەوە کردەوە کە نابێت ئەنقەرە دەستی بگات بە سندوقی بەرگری یەکێتی ئەوروپا.

 ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا سەرەڕای ئەوەی ئەندامی ناتۆیە، ڕێککەوتنی بەرگری و ئەمنی لەگەڵ ئەو ئەوروپا نییە.

لای خۆیەوە مێرز ئاماژەی بەوەکرد، کریستۆدۆلیدس داوای پاڵپشتی ئەڵمانیای کردووە لە هەوڵەکانی بۆ شکاندنی چەقبەستویی قوبرس، جەختیشی لەسەر پەیوەندییە بەهێزەکەی بەرلین لەگەڵ ئەنقەرە کردەوە.

مێرز لە هەمان کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕونیکردەوە: چەند بژاردەیەکمان تاوتوێ کرد، تاوتوێی پێشنیارێکی زۆر تایبەتمان کرد، کە بە گرنگییەوە وەرمگرت، دەتوانین لە ماوەی سەرۆکایەتی قوبرس بۆ یەکێتی ئەوروپا هەنگاوێک بەم ئاراستەیە بنێین و ئامادەیی حکومەتی ئەڵمانیام دەربڕی.

قوبرس لە مانگی یەکدا پۆستی سەرۆکایەتیی خولی یەکێتی ئەوروپا وەردەگرێت. 

قوبرس لە ساڵی 1974ەوە دابەش بووە بەسەر باکوری تورکی و باشوری یۆنانی، ئەمەش دوای کودەتایەکی سەربازی کە لەلایەن یۆنانەوە پاڵپشتی دەکرا.
ئ.ح

بەپەلە