سوننه‌كانى عێراق ده‌كه‌ونه‌ خۆیان... كۆبونه‌وه‌كانیان ده‌ستپێكرد

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3695 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

محەممەد حەلبوسی کە سەرۆکایەتی لیستی تەقەدومی دەکرد لەناو لایەنە سونییەکان‌و زۆرترین کورسیی بەدەستهێناوە، لەگەڵ ئەحمەد جبوری کە سەرکردەیەکی دیارى سوننەکانەو چەند کورسییەکەی بردوەتەوە کۆبونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا، سه‌رچاوه‌كانیش باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، پێشبینیدەکرێت هەردولا لەگەڵ چەند لایەنێکی دیکەی سوننە هاوپەیمانیەتییەک فراوان دروستبكه‌ن.


هەفتەی ڕابردوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، دواتر کۆمسیۆنی باڵاى هەڵبژاردنەکان ئەنجامی بەرایی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ئەو ئەنجامانه‌، تائێستا لایەنە سوننەکان زیاتر لە 70 کورسییان مسۆگەرکردوەو براوه‌ى ناویشیان، محه‌مه‌د حه‌لبوسى-یه‌.

ئەحمەد جبوری ئەمینداری گشتیی حزبی جەماوەری نیشتمانی، وێنەیەکی خۆی لەگەڵ محەممەد حەلبوسی سەرۆکی حزبی تەقەدوم بڵاوکردوەتەوەو نوسیویەتی، "پشتمان بەخوا بەست"، ئەمەش بەئاماژەیەکی سیاسیی سەرەتایی دادەنرێت بۆ یەگرتنی هەردولا.

هاوپەیمانیی تەقەدوم لەم هەڵبژاردنەدا توانیی 36 کورسیی بەدەستبهێنێت، ئەحمەد جبوریش سێ کورسیی لەپەرلەمان هەیە، حەلبوسی، بەجیاوازییەکی زۆر لەنزیکترین ڕکابەرەکانی پێشەنگی لایەنە سوننەکانی گرتوە، ئەمەش کاریگەریی‌و هێزی بەرچاوی دەبێت لەدانوستاندنی پێکهێنانی هاوپەیمانیەتییەکان‌و حکومەت.

دیارترین لایەنەکانی دیکە سوننە کە ماوەی ڕابردوو و بەتایبەتی لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا لەڕکابەرییەکی توندابون، ئەمانەن؛ هاوپەیمانیی عەزم بەسەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕایی 16 کورسیی بەدەستهێناوە، هاوپەیمانیی سیادە، خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتیی دەکات‌و نۆ کورسیی بردوەتەوەو هاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی بەسەرۆکایەتیی سابت عەباسی وەزیری بەرگریی شەش کورسیی لەپەرلەمان هەیە.