شارپرێس:
به‌گوێره‌ى ئه‌و پێشبینیانه‌ى كه‌شناسى هه‌رێم‌و شاره‌زایانى ئه‌و بواره باسیان ده‌كردو وه‌ك چاوه‌ڕوانده‌كرا، لەشەوی ڕابردوەوە شەپۆلێكی بارانبارین هەرێمی كوردستانی گرتوەتەوەو لەزۆربه‌ى ناوچەو شار‌و شارۆچكەكانى هه‌رێم بارانبارین تائێستا به‌رده‌وامه، ئەمەش بەیەكەم شەپۆلی چڕی دابارینى ئەمساڵ هەژماردەكرێت.
به‌گوێره‌ى پێشبینیه‌كانى كه‌شناسى هه‌رێم، ئەمڕۆ شەممەو سبەینێ یەکشەممەش، شەپۆلی بارانبارین لەهەرێمی کوردستان به‌رده‌وامده‌بێت، شەپۆلەكەش جگە لەهەرێم، چەند ناوچەیەكی عێراق بەتایبەت پارێزگای بەغداشی گرتوەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی كەشناسیی هەرێمیش ده‌ڵێت، "ئەمڕۆ شێوازی دابارین دەگۆڕێت‌و شەپۆلێكی دیكەی بارانبارین كە سەرچاوەكەی دەریای ناوەڕاستە ناوچەكە دەگرێتەوەو بارانبارین تا درەنگانی شەوی یەكشەممە بەردەوامدەبێت".
دیلان ڕەشاد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن وتویه‌تى، "به‌گوێره‌ى پێشبینییەکانی کەشوهەوا، لەڕۆژانی شەممەو یەکشەممە، شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین لەهەرێمی کوردستان دەبارێت‌و ئەگەری کۆبونەوەی ئاو لەهەندێک شوێن هەیە، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی ڕێڕەوی ئاویان باش نییە یان پاکنەکراونەتەوە".
له‌ئێواره‌ى دوێنێ هه‌ینی له‌به‌شێكى زۆرى ناوچه جیاوازه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بارانبارین ده‌ستیپێكردوه‌و وه‌كو باسده‌كرێت، تاوه‌كو ڕۆژى دوشه‌ممه‌ش به‌بڕو شێوازى جیاواز بارانبارین به‌رده‌وامده‌بێت.
هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه، بەهۆی بارانبارین‌و گۆڕانکاریی کەشوهەواوە، پلەكانی گەرما شەش بۆ نۆ پلە نزمدەبنەوەو ئەگەری بەفربارینیش لەشاخە بەرزەكانی كوردستان هەیە.
به‌گوێره‌ى پێشبینییەکانی كەشناسی، کاریگەریی ئەم شەپۆلی بارانبارینە بەپلەی یەکەم لەسەر ناوچەکانی بادینان دەبێت کە ئەگەری ھەیە لەناوچە جیاوازەکانی دەڤەرەكە 55 بۆ 70 ملم‌و لەناوچە شاخاویەکانیشی 75 بۆ 90 ملم باران ببارێت.
هاوكات لەناوچەکانی سنوری پارێزگای ھەولێریش ئەگەری هەیە 30 بۆ 45 ملم باران ببارێت، ناوچە شاخاویەکانیشی 55 بۆ 60 ملم، هەروەها ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی‌و ھەڵەبجەو باكوری گەرمیانیش ئەگەری هەیە 38 بۆ 55 ملم باران ببارێت، له‌باشورو ناوەڕاستی ئیدارەی گەرمیان‌و کەرکوك ئەگەری 25 بۆ 40 ملم باران ھەیە، لەسنوری ئیدارەكانی ڕاپەڕین‌و سۆرانیش پێشبینیدەكرێت 70 بۆ 80 ملم باران ببارێت‌و لەسنوری ئیدارەی زاخۆش ئەگەری هەیە 90 بۆ 100 ملم باران ببارێت كە زۆرترین بڕی بارین دەبێت لەماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا لەسەر ئاستی هەرێم.
