هەسەدە زانیاری لەبارەی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان ئاشکرادەکات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 342 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

فەرهاد شامی بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندن و وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە ڕایگەیاند، هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەو پاڵپشتییە بەردەوامەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە دێرەزۆر و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێشکەشی دەکەن، دەنرخێنن.

فەرهەد شامی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە تەنها لە ماوەی یەک مانگدا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ زیاتر لە بیست ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و سەربازی لە دژی شانە و تۆڕە چالاکەکانی داعش پاڵپشتی ڕاستەوخۆ ئاسمانی هەسەدەی کردووە، ئەمەش بەشداربووە لە زیادکردنی کارامەیی لە ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکان و فراوانکردنی بازنەی ئۆپەراسیۆنە خۆپارێزییەکان.

فەرهاد شامی دەشڵێت، هاوکاریی هەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی هاوبەشە بە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەدا.

شامی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هاوکارییە بەهێزە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونێکی هاوبەشە بۆ درێژەدان بە شەڕی دژی داعش بە شێوەیەک کە خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیری دانیشتوانی ناوچەکە بکات و زەمینە بۆ داهاتوویەکی ئارامتر و ئەمنتر بۆ هەموو سورییەکان خۆش بکات.