مارک ساڤایا: هەوڵەکانمان بۆ کۆتاییهێنان بەدەستوەردانی دەرەکی‌و میلیشیا چەکدارەکان چڕدەکەینەوە

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1194 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، به‌زمانى كوردى پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی گەلانى عێراق کردوه‌ بەبۆنەی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و نوسیویه‌تى، "بەردەوامدەبین لەپشتیوانیکردنی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بەدەستوەردانی دەرەکی‌و میلیشیا چه‌كداره‌كان".


مارك ساڤایا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نامەکەی خۆى بڵاوکردوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت، "گەلی عێراق جارێکی دیکە پابەندبونی خۆی بەئازادیی، سەروەریی یاساو دامەزراوە نیشتمانییە بەهێزەکان نیشاندایه‌وه‌".

ساڤایا ستایشی هەوڵەکانی محەممەد شیاع سودانی‌و کابینەی حکومەتەکەی کردوه‌ بۆ دڵنیابون لەوەی کە ئەم هەڵبژاردنە چارەنوسسازە لەکاتی دیاریکراوی خۆیداو لەکەشێکی ئارام‌و دور لەتوندوتیژیدا بەڕێوەچوه‌، ده‌شڵێت، "ئه‌مه‌ نیشانەیەکی ڕونە کە عێراق بەرەو خۆشگوزەرانیی‌و سەروەریی زیاتر هەنگاو دەنێت".
 
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق جەخت لەپابەندبونی تەواوی ئەمریکا ده‌كاته‌وه‌ بۆ پشتیوانیکردنی سەروەریی خاکی عێراق‌و حکومەتەکەی، "واشنتۆن بەتەواوی پابەند دەمێنێتەوە بەپشتیوانیکردنی سەروەریی عێراق، هەوڵەکانی چاکسازیی‌و هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بەدەستوەردانی دەرەکی‌و میلیشیا چەکدارەکان".

لەکۆتایی ڕاگەیه‌نراوه‌كه‌ی مارک ساڤایا-دا هاتوه‌، "هیوا ده‌خوازم لەنزیکترینکاتدا کار لەگەڵ حکومەتی داهاتوی عێراقدا بکەین بەمەبەستی قوڵکردنەوەی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات".

بەپەلە