پارتى پێنج كورسى دیكه‌شى مسۆگه‌ر كرد

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6545 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میدیاى پارتى ئاشكرایكرد، لەکۆی 9 نوێنەری پێکهاتەکان لەپەرلەمانی عێراق، پێنجیان بەپشتیوانی پارتی دەرچونیان بۆ پەرلەمان مسۆگەرکردوه‌، جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "كورسى كۆتاى (دهۆك، هه‌ولێر، كه‌ركوك، نه‌ینه‌واو واست) سه‌رجه‌میان به‌پشتیوانى پارتى ده‌رچون".

 
له‌هه‌واڵه‌كه‌دا هاتوه‌، "به‌گوێره‌ى ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن كه‌ شه‌وى ڕابردوو لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە ڕاگەیه‌ندرا، ده‌ركه‌وت پێنج كاندیدو نوێنه‌رى پێکهاتەکان بەپشتیوانیی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوتنیان مسۆگه‌ركردوه‌".

ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه‌، "بۆ پێنج کورسییەکەی کۆتای کریستیان 19 كاندید کێبڕکێیان دەکرد، لەوانە سێ كاندیدیان پارتی پشتگیریی دەکردن‌و هەرسێکیان دەرچوون، بۆ نمونه‌ (سامی ئۆشانە لەدهۆک، کە 22 هەزارو 56 دەنگی هێناوە، کلدۆ ڕەمزی ئوغنا لەهەولێر 18 هەزارو 472 دەنگ، عیماد یوخه‌نا لەکەرکوک 17 هەزارو 602 دەنگ)".
 
باس له‌وه‌شكراوه‌، "لەسەر کورسی کۆتای ئێزدی لەنەینەوا حەوت کەس کێبڕکێیان دەکرد، پارتی پشتگیریی لەخالید سەیدۆ کردو بەوهۆیەوە سەرکەوتنی مسۆگەرکردو 9689 دەنگی بەدەستهێنا".
 
ئاماژه‌ به‌بازنەی واست كراوه‌ ده‌ڵێت، "9 كاندید کێبڕکێیان لەسەر تاکە کورسیی کۆتای فەیلی دەکرد، پارتی پشتگیریی لەحەیدەر عەلی (ئەبو تارە) کردو توانیی بەبەدەستهێنانی 17174 دەنگ، سەرکەوتن مسۆگەربکات".
 
له‌وباره‌یه‌وه‌ لیزا فەلەکەدین کاکەیی یاریدەدەری بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی وتویه‌تى، "بەدەستهێنانی یەک ملیۆن دەنگ، هێزێكى گه‌وره‌ بوو، پارتی لەگەڵ ئەوەی لیستەکەی یەک ملیۆن دەنگی تێپەڕاندوە، هاوکات ئەوەشیان پێشکەشی کۆتاکان کردوە، کە پارتی هەموکات پشتگیرییانە".
 
هەریەک لەئیڤان فایەق جەبرۆ بەبەدەستهێنانی 13128 دەنگ کورسی کۆتای کریستیانی لەبەغدا بردوە، ئەسوان کلدانی بەبەدەستهێنانی 6227 دەنگ کورسی کۆتای کریستیانی لەنەینەوا بردوە.
 
وەعد قەدۆ بەبەدەستهێنانی 10 هەزارو 499 دەنگ کورسی کۆتای کوردی شەبەکی لەنەینەوا برد، هەروەها بەسام زوهێری بەپێنج هەزارو 395 دەنگ کورسی کۆتای سابیئەی مەندائی لەبەغدا بردوه‌.

ئێستا پارتى دیموكراتى كوردستان له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكانى عێراق خاوه‌نى 27 كورسى خۆیه‌تى، له‌گه‌ڵ ئه‌م پێنج كورسیه‌ى پێكهاته‌كان‌و به‌و هۆیه‌وه‌ ژماره‌ى كورسیه‌كانى ده‌بێته‌ 32 كورسى.

بەپەلە