شارپرێس:
ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، ڕەخنە لەنوێنەری عەلی سیستانی دەگرێتو دەپرسێت، "ئایا سەرکەوتنی باشترینەکان لەژێر کاریگەریی دەوڵەتی قووڵی گەندەڵیدا مومکینە؟"، دهشڵێت، "گەندەڵیو چەکی کۆنترۆڵنەکراو گەڕاونەتەوە بۆ ناو وڵات".
دوو ڕۆژ لهمهوبهر عەبدولمەهدی کەربەلایی نوێنەری عەلی سیستانی گهوره مهرجهعى شیعهكانى عێراق لەگرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لەکەناڵی کەربەلا پەخشکرا، ڕەخنەی لەوکەسانە گرت کە بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەنو هانی خەڵکیدا بەشداریى هەڵبژاردن بکەنو وتى، "بایکۆتکردن سودی نییە بۆ ڕێگریکردن لەگەندەڵکاران".
ساڵح محەممەد عێراقی لەپۆستێکیدا بەناوی (گلەیی دۆستێک)، لەسەر زاری سەدرهوه وتویهتى، "جەنابی شێخ ئەگەر شوێنکەوتوانت دەنگیان بەچاکەکاران بدایەو وازیان لەگەندەڵکاران بهێنایە، ئایا ئەوە بەمانای پێکهێنانی حکومەتێکی چاک دێت؟ ئایا کاریگەرییو زاڵبونی دەوڵەتی قووڵی گەندەڵت لەسەر جومگەو بەشەکانی هەڵبژاردن لەبیرکردوە؟، سەرکەوتنی چاکەکاران لەژێر ئەو زاڵبونەدا شتێکی زۆر دورە".
لهزارى سهدرهوه دەشڵێت:"تەنانەت ئەگەر چاکەکاران چەند کورسییەکیان بەدەستبهێنایە، ئەوا دواتر ناچاردەبون هاوپەیمانی لەگەڵ گەندەڵکارانو ڕوخسارە کۆنەکان بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتو دابەشکردنی پشکو دەستکەوتەکان، بەمەش توشی گەندەڵی دەبونو لەداهاتودا نەگونجاو دەبون".
ههر لهو وهڵامهدا بۆ نوێنەرەکەی سیستانی، ساڵح محەممەد عێراقی لەسەر زاری سەدرهوه ئهوهشى وتوه، "ئێمە چاوەڕوانی باشترینمان لێدەکردیت بۆ ڕزگارکردنی عێراق لەچنگی گەندەڵکارانو پاککردنەوەی مەزهەب لەگەندەڵیو فەساد، تەنانەت ئەگەر کەناڵەکەش سزای خۆی وەرگرتبێت لەسەر کارە تاکەکەسییەکەی، ئەوا چەکی کۆنترۆڵنەکراوو میلیشیاکان گەڕاونەتەوە بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتو گەندەڵیش گەڕاوەتەوەو لەجەستەی نیشتماندا دزە دەکات".
لهكۆتاییشدا ئاماژهى بهوهكردوه، "ئێمە هی خودایینو بۆ لای ئەو دەگەڕێینەوە، شێخەکەمان سوپاس، دوا نزای ئێمە ئەوەیە کە ئەم خەمو ناخۆشییە لەسەر ئەم گەلە هەڵبگری".
