شارپرێس:
داواکاری گشتیی لەئیستەنبوڵ یەکەم سزای تۆمەتەکانی دژ بەسەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو ڕاگەیاند، کە 143 تۆمەت لەخۆدەگرێتو زیاتر لە 400 کەسی دیکەی گرتوەتەوە، داواکاری گشتیی تۆمەتەکانی وەسفکردوە بەپەیوەندیدار بە"ڕێکخراوی ئیمام ئۆغڵوی تاوانکاری قازانجخواز".
تۆمەتەکان بریتیین لەبەرتیل، دەستکاریکردنی باجو سەرپێچی دارایی لەگرێبەستەکانی شارەوانیدا.
داواکاری گشتیی داوای زیندانیکردنی ئیمام ئۆغڵو دەکات بۆ ماوەی 2430 ساڵ، زیانە گشتییەکانی لەئەنجامی سەرپێچییە داراییەکان، بەنزیکەی 160 ملیار لیرەی تورکی (3.8 ملیار دۆلار) خەمڵاندوە.
سزاکە بەبێ ئاگادارینامەیەکی دیکە کۆتایینەهاتوە کە ئاڕاستەی نوسینگەی داواکاری گشتیی لەدادگای باڵای تێهەڵچونەوە کراوە سەبارەت بەسەرپێچییە داراییەکانی دراوەتە پاڵ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، کە ئەمەش وەک داواکارییەک بۆ داخستنی پارتەکە لێکدرایەوە.
هەرچەندە داواکاری ئیستەنبوڵ ڕەتیکردەوە کە داوای داخستنی جەهەپەی کردبێتو ڕونیکردەوە کە ئاگادارینامەکە تەنها پەیوەستە بەسەرپێچییە داراییەکان کە لەکاتی لێکۆڵینەوەدا دۆزراونەتەوە بهگوێرهى ڕێکارە یاساییەکان.
لەبەرامبەردا، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، بەسەرۆکایەتی ئۆزگور ئۆزهل، ئەم بابەتەی بە "سیاسیی پوخت" وەسفکردو بەهەوڵێکی کودەتای دادوەریی دژی پارتەکەو کاندیدەکەیان بۆ سەرۆکایەتی، ئیمام ئۆغڵو، هەژمارکرد.
ئۆزهل دوپاتیکردەوە، "تاوانە تاکەکەسییەکەی ئیمام ئۆغڵو بریتییە لەخۆکاندیدکردنی بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار"و وتی حکومەت "هەوڵدەدات لەڕێگەی زیندانیکردنی ڕکابەرەکانییەوە لەدەسەڵات بمێنێتەوە"و ڕوداوەکەی بە"کودەتای مەدەنی بەپۆشاکی دادوەری" وەسفکرد.
ئۆزهل بەتوڕەیی وەڵامی هەوڵی داخستنی پارتەکەی دایەوەو وتی:"ئەوکەسەی هەوڵی داخستنی پارتەکەمان بدات هێشتا لەدایک نەبوە".
جەهەپە بانگەشەی ئەوەیکردوە، لێکۆڵینەوەکە "دەستێوەردانە لەدیموکراسیو ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو".
لەناو زیندانەوە، ئیمام ئۆغڵو داوایکردوە کە دادگاییکردنەکەی ڕاستەوخۆ پەخشبکرێتو وتویهتى، تۆمەتەکان "لەسەر درۆ بونیادنراون کە بەفشارو زۆر لێسەندن وەرگیراون".
سزای تۆمەتەکان ئاڕاستەی دادگای سزای قورسکراوە بۆ ئەوەی لەماوەی 15 ڕۆژدا بڕیاری پەسەندکردنی بدات.
بۆئەوەش پارتی گەلی کۆماری داوای خۆپیشاندانێکی نوێی لەئیستەنبوڵ کرد لەژێر دروشمی "لەپێناو دادپەروەری، ئازادیو دیموکراسی".
