مه‌ترسیه‌ك له‌سه‌ر موچه‌ى مانگى نۆ ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5956 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عه‌لى حه‌مه‌ساڵح مه‌ترسیه‌ك له‌سه‌ر موچه‌ى مانگى نۆ ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "تائێستا هه‌رێم هیچ بڕیارێکی نییە بۆ ناردنی داهاتی ناوخۆ"، ده‌شڵێت، "هەموو دواخستنێکی ناردنی داهاتی ناوخۆ، دواخستنی موچەیە".


عه‌لى حه‌مه‌ساڵح له‌فه‌یسبوكى خۆى زانیاریى لەبارەی موچەی مانگی (9)وه‌ ئاشكراكردوه‌و نوسیویه‌تى، "پێویستە لەماوەی چوار ڕۆژدا، داهاتی ناوخۆ (120 ملیار) دینار ڕەوانە بکرێت".

ئه‌وه‌شى باسكردوه‌، "ڕاستەوخۆ بڕیار لەچارەنوسی موچە دەدرێت، لەماوەی سێ ڕۆژدا ڕێککارەکان تەواو دەبن‌و موچەکە دێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌رێم تائێستا هیچ بڕیارێکی نییە بۆ ناردنی داهاتی ناوخۆ، هەموو دواخستنێکی ناردنی داهاتی ناوخۆ-ش، به‌واتاى دواخستنی موچەیە".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، موچەخۆرانی هەرێم له‌ئێستادا چاوەڕوانی یەکلاکردنەوەی ناردنی موچەی دوو مانگی ئەمساڵیانن، بەرپرسانی هەولێرو بەغداش تائێستا لەگفتوگۆدان بۆ ئەوەی هیچ موچەیەکی ئەمساڵیان نەفەوتێت.

کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش ڕۆژانی سێشەممە بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەم هەفتەیە ڕۆژێک پێشدەخرێت‌و سبه‌ینێ دوشەممە کۆبونەوەکە دەکرێت، پێشخستنی کۆبونەوەکەش بەهۆی سەردانی محەممەد شیاع سودانیه‌وه‌یه‌ بۆ هەرێمی کوردستان‌و مانه‌وه‌ى بۆ ماوه‌ى دوو ڕۆژ له‌هه‌رێم.

باس له‌وه‌شده‌كرێت، سودانی لەکۆبونەوەکەى سبه‌ینێدا ڕەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی موچەی مانگی نۆ دەدات، ئینجا سەردانی هەولێر دەکات.

لاى خۆیشیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى وه‌زاره‌تى دارایی باسى له‌وه‌كردوه‌، لەبارەی هاتنی پارە، پێشبینیدەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نوسراوی خەرجکردنی پارە بکات‌و بۆ وەزارەتی دارایی عێراقی بنێرێت‌و دەست بەڕێکارەکان بکرێت، ناوەڕاست تاوەکو کۆتایی هەفتەی داهاتوش، لەگەڵ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی عێراق، موچەی موچەخۆرانی هەرێمیش بنێردرێت، واتا لەنێوان 23 بۆ 27ی مانگ، تاوەکو کۆتایی مانگیش دابەشدەکرێت.

حكومه‌تى هه‌رێمیش ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردوە، میزان موراجەعەی مانگی نۆ بۆ بەغدا نێردراوە، 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆش ئامادەیەو تەنانەت باسى له‌وه‌شكردوه‌، لیستی موچەی مانگی 10شى بۆ بەغدا نێردراوە، دەستیش بەئامادەکردنی میزان موراجەعەی مانگی 10و کۆکردنەوەی 120 ملیار دیناری مانگی 10 کراوە.

سودانی ڕۆژی دوشه‌ممه‌ به‌غدا به‌ره‌و هه‌ولێر به‌جێده‌هێڵێت‌و سێشەممەش دەچێتە دهۆک‌و بەشداریی لەشەشەمین كۆڕبەندی مێپس دەکات کە لەلایەن زانكۆی ئەمریكی - كوردستان ڕێکدەخرێت‌و په‌یامێك له‌وێوه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌.

بەپەلە