زێره‌ڤانى هاته‌ده‌نگ‌و هۆشداریده‌دات

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3929 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت، "له‌لایه‌ن كاندیدێكى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ به‌چه‌ك هێرشكراوه‌ته‌سه‌ر ماڵى پێشمه‌رگه‌یه‌كمان"، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ هۆشداریده‌دات‌و داواى لەهێزە ئەمنییەکان‌و ئیدارەی قەزای دوبز كردوه‌، بەزوترینکات ڕێوشوێنی توندی یاسایی بەرامبەر ئەو كاندیده‌ بگرنەبەر کە هێرشه‌كه‌ى ئه‌نجامداوه‌.


فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی لەڕاگەیەندراوه‌كه‌یدا نوسیویه‌تى، "ڕۆژی شەممە، 15ی تشرینی دوەم، كاندیدێكى دەرچوی حزبی تەقەدوم، بەناوی موهەیمەن حەمدانی، هێرشیکردوه‌ته‌سه‌ر ماڵی پێشمەرگەیەکی فەرماندەییمان بەناوی ئەحمەد خەڵەف لەقەزای دوبزی سەر بەپارێزگای کەرکوک".

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "هەرچەندە خۆی لەماڵەوە نەبوە، بەڵام كاندیده‌كه‌ى تەقەدوم دەستڕێژی گوللـەی لەماڵی پێشمەرگەکەمان کردوەو خانەوادەکەی ئازارداوە، ئێمە لەفەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی بەتوندی ئیدانەی ئەو کردارە نامرۆڤانەیەی موهەیمەن حەمدانی دەکەین".

 فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی داواى لەهێزە ئەمنییەکان‌و ئیدارەی قەزای دوبز كردوه‌، بەزوترینکات ڕێوشوێنی توندی یاسایی بەرامبەر ئەو كاندیده‌ بگرنەبەرو بەسزای یاسایی خۆی بگەیه‌نرێت.

زێرەڤانی جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "هەموو ڕێوشوێنێکی پێویستی یاسایی لەدژی ناوبراو دەگرنەبەر، هەروەها ئیدارەو هێزە ئەمنییەکانی دەڤەرەکەش ئاگاداردەکاتەوە کە پاراستنی گیان‌و ماڵی هەر پێشمەرگەیەک‌و خانەوادەکانیان لەسنورەکە لەئەستۆی ئەوانە، هاوکات پێویستە هەموو ڕێکارێک بۆ ڕێگریکردن لەدوبارەبونەوەی ئەمجۆره‌ هێرش‌و پەلامارو کردەوانە بگیرێتەبەر".

به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌یه‌كى ئه‌منیى كه‌ركوك، شەوی ڕابردوو حەوت لەو پاسەوانانەی موهەیمەن حەمدانی کاندیدی دەرچوی حزبی تەقەدوم لەبازنەی کەرکوک، کە هێرشیانکردوه‌ته‌سەر ماڵی ئەو پێشمەرگەیە لەقەزای دوبز، دەستگیراکراون.

دیمه‌نى ده‌ستگیركردنى ئەو چەکدارانەی لەدوبز دەستڕێژی گوللـەیان لەماڵی پێشمه‌رگه‌كه‌ كرد

بەپەلە